سەرایا ئەولیادەم: لە 24 کاژێری رابردوودا 3 جار بنکە ئەمریکییەکانمان لە عێراق بۆردوومان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی چەکداریی سەرایا ئەولیادەم، رایگەیاند، لە چوارچێوەی "ئەرکێکی شەرعی" و وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خوێنی ئەو چەکدارانەی لە هێرشەکانی ئەمریکادا کوژراون، 3 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە کە ئەمڕۆ هەینی، 20ی ئاداری 2026 گرووپەکە لە تەلەگرام بڵاوی کردووەتەوە هێرشەکان وەک "تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئیمام سەید عەلی خامنەیی و گەنجانی خۆڕاگری عێراق" بوون، کە بە گوتەی ئەوان، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە چەکدارانی گرووپەکە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا "3 کردەی جۆرییان" بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووە، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانیان.
 
ئەو گرووپە چەکدارە خۆیان بە بەشێک لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەزانن، کە لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران راگەیاندووە، بەردەوام بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسووڵخانەکەی لە هەولێر.