گرووپی موقاوەمە: لە 24 کاژێردا 29 هێرشمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
'گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 29 هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئامانجانەی وەک بنکەی نەیارانیان لە عێراق و ناوچەکە ناویان هێنراوە. هەروەها لە 21 رۆژدا ئەو گرووپە بەرپرسیاریێتى 501 هێرشی گرتووەتە ئەستۆ.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 20ی ئاداری 2026، ئەو گرووپە لە راگەیێنراوێکدا ئاماری ئەو هێرشانەی بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە لە ماوەى 24 کاژێردا کردوویانە.
گرووپی موقاوەمە کە لە چەند گرووپێکی چەکداری شیعەی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدێت، رایگەیاندووە هێرشەکانیان لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە کردووە.
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، لەو کاتەوە گرووپی موقاوەمە بۆ پاڵپشتیی ئێران هێرش دەکاتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان و شوێنە نیشتەجێبووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی گرووپەکە لە ماوەی 21 رۆژی رابردوودا بڵاویان کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتیی 501 هێرشیان گرتووەتە ئەستۆ کە لە عێراق و ناوچەکە کراون، زۆرترینیان لە 17ی ئاداردا بووە، کە 47 هێرش بووە.