سەرایا ئەولیا دەم: ناتۆ لەژێر گوشاری هێرشەکانمان لە عێراق دەکشێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی سەرایا ئەولیا دەم) دەڵێ، هێزەکانی ناتۆ لەژێر گوشاری هێرشەکانی ئەواندا لە عێراق دەکشێتەوە. گوتەبێژی گرووپەکە دەڵێ، لە 20 رۆژدا چەندین هێرشی "ورد و سەرکەوتوویان" کردووەتە سەر ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
 
ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی (سەرایا ئەولیا دەم) لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، لە 20 رۆژی رابردوودا چەندین جار هێرشیان کردوەتە سەر "شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ناتۆ لە ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا"
 
"ناتۆ بەهۆی هێرشەکانمانەوە دەکشێتەوە"
 
بە گوتەی جەعفەری، کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، ئەنجامی "هێزی ئەو هێرشانەیە" کە لەلایەن گرووپەکانی ناسراو بە موقاوەمەوە دەکرێتە سەر بنکەکانیان.
 
گوتەبێژی سەرایا ئەولیا دەم باس لەوە دەکات کە هێرشەکانیان ناوەستێنن و گوتی، "بەڵێن دەدەین تاوەکو دەرچوونی دوایین سەربازی بیانی لە خاکی عێراق، هێرشەکانمان بەردەوام بن."
 
ئەمە گوتانەی گوتەبێژەکەی سەرایا لە کاتێکدایە، ناتۆ رۆیشتنی راوێژکارانی نێردەکەی لە عێراق راگەیاند.
 
هاوپەیمانییەکە گوتی، ئەمڕۆ دوایین راوێژکاری سەربازی ناتۆ عێراقی جێهێشت. 
 
ئەرکەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ بریتی بوون لە راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان، لەوانەش داعش، و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات. 
 
ئەرکی ناتۆ لە ساڵی 2018 لە عێراق دەستی پێکرد. 
 
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هاوپەیمانییەکە نزیکەی 600 راهێنەری سەربازی لە عێراق هەبوو.