خەزعەلی: هێشتا زووە بۆ سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، رایگەیاند، ئەگەر لەکاتی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ عێراق، کە بە "سەرۆکی ئێستای سووریا" ناوی برد، یاسا جێبەجێ بکرێت و دەستگیر بکرێت، لێکەوتەی دەبێت.
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی :"هەبوونی پەیوەندی لە نێوان هەردوو وڵاتی برا، عێراق و سووریا، شتێکی پێویستە و بەرژەوەندی هاوبەشی تێدایە، بەڵام ئامادەبوونی سەرۆکی ئێستای رژێمی سووریا [ ئەحمەد شەرعە] لە عێراق هێشتا زووە." 
 
ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبوو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی پێشووی دەستەی تەحریری شام و سەرۆکی ئێستای سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە.
 
خەزعەلی دەڵێت: "ئەگەر یاسا جێبەجێبکرێت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت، لەوانەیە لێکەوتەی هەبێت."
 
خەزعەلی داوای کرد، "لەسەر بنەمای کارکردن بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، پێویستە هەمووان پابەندی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بن و رێزی لێبگرن."
 
بڕیارە 17ـی مانگی داهاتوو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بکرێت. لە کاتی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 2025-04-16 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشت دەکرێت بۆ لووتکەکە؟"  گوتی، "بەڵێ، بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ناردووە، بەخێربێت بۆ ئامادەبوون و بەشداریی لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا." 
 
ئەو قسەیەی سوودانی ناڕەزایی بەشێک لە شیعەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن، بڕیاری دادگە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع جێبەجێبکرێت.