گومرگی عێراق بۆ رووداو: دەروازەی رەبیعە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کاڵا و نەوت بەکاردەهێنرێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی گومرگی عێراق دەڵێت، دەروازەی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا لەدوای کردنەوەی، 24 کاژێر هاتووچۆی لێوە دەکرێ و بۆ بازرگانیی کاڵا و نەوت بەکاردەهێندرێ.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، دەروازەی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا دوای 12 ساڵ لە داخستنی بکرێتەوە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەست دەکرێ بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی رەبیعە کە بەتەواوی ئامادەیە.
سامر قاسم داود ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی گشتیی گومرگ بە هەموو کارمەندانی تەکنیکی و کارگێڕییەوە بۆ کارکردن لەو دەروازەیە ئامادەیە.
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
سامر قاسم داود گوتی: "لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کاڵاکان دەکرێ، ئەوە جگە لە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان. دەروازە سنوورییەکە بە درێژایی 24 کاژێر کاردەکات و لە رووی ژێرخان، لۆجیستی و سیستمی خۆکارکردنەوە بەتەواوی ئامادەیە".
لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، دیوی سووریای دەروازەی رەبیعەی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە، کەوتووەتە دەست سوپای سووریا، کە پێشتر بەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە بوو.
ئەو دەروازەیە لە ساڵی 2014ـەوە داخراوە. لە دیوی سووریا، ئەو کاتەی لە ژێر دەستی هەسەدەدا بوو ناوی (تل کۆچەر) بوو و لە دیوی عێراقیش ناوی رەبیعەیە.
ئێستا هەردوو دەروازەی سنووریی قائیم و وەلید لەنێوان عێراق و سووریا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی کراوەن کە دەکەوێتە سنوورى پارێزگاى ئەنبارەوە.