"عێراق لە لیستی 15 پیسترین وڵاتانی جیهانە"؛ وەزارەتی ژینگە وزەی خۆر بە رێگەچارە دەزانێت
رووداو دیجیتاڵ
روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری دەدات لەوەی عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی هەواکەیان لەسەر ئاستی جیهان پیسترینە. وەزارەتی ژینگەی عێراقیش رایدەگەیەنێت، سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر تاکە رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی گازی کاربۆن و بە مەبەستی پاراستنی ژینگە.
روانگەی عێراقی سەوز لە راگەیێندراوێکدا پاڵپشت بە ئامارەکانی رێکخراوی IQAir بڵاویکردەوە، رێژەی تەنۆکە وردە ژەهراوییەکان (PM2.5) لە عێراقدا گەیشتووەتە 30 بۆ 40 مایکرۆگرام، ئەمەش 6 تاوەکو 8 هێندە لەو رێژەیە زیاترە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رێگەی پێداوە کە تەنیا 5 مایکرۆگرامە.
بەپێی راپۆرتەکە، شارە گەورەکان و بەتایبەتی بەغدا، لە هەندێک کاتدا ئاستێکی یەکجار مەترسیداری پیسبوون تۆمار دەکەن، بەتایبەتی لە وەرزی گەرما و کاتی دروستبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی هەناسەی هاونیشتمانییان دەبێت.
وەزارەتی ژینگەی عێراق: سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر رێگەچارەیە
لە بەرامبەر ئەم مەترسییە ژینگەییانەدا، وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەرنامەی حکومەت بایەخێکی زۆر بە بەکارهێنانی سیستمی نوێ بۆ چاودێریکردنی پیسبوونی ژینگە دەدات.
ئەمیر عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری گشتیی هۆشیاری و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەیسەلمێنن پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە باشترین رێگەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا کاریگەریی ئەم پڕۆژانە دەرکەوتووە؟ ئەمیر عەلی حەسوون گوتی: "نیشاندەرە نیشتمانییەکان هێشتا سنووردارن، چونکە بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە لە قۆناخی یەکەمدایە بەراورد بە پشتبەستنی زۆر بە نەوت و گاز."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگە، کاریگەرییە ئەرێنییەکانی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر لەسەر ئاستی مامناوەند و درێژخایەن دەردەکەون، ئەوەش کاتێک دەبێت کە ئەم سیستمە نوێیانە بە رێژەیەکی زۆر جێگەی وزە باوەکان بگرنەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سوودوەرگرتنی زۆر لە وزەی خۆر دەبێتە هۆی باشتربوونی کواڵیتیی هەوا.