وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان گورزی کوشندەمان لە باندەکانی مادەی هۆشبەر داوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، سنوورەکان لەگەڵ سووریا و ئێران لە ژێر چاودێرییەکی "تووندی ئەلیکترۆنی و مەیدانیدان" و هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی بۆشایی ئەمنی و دزەکردن دەکەن. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "هاوئاهەنگییەکی بێوێنە و بەرهەمدار لەنێوان فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە"
 
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سنووری ئێران کە درێژترین سنووری عێراقە و درێژییەکەی 1492 کیلۆمەترە، "بە تەواوی پارێزراوە و چیدی دۆخی وەک پێشتر نییە و پارێزراوە."
 
"بۆردوومانکرا، بەڵام نەبەزێنرا"
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ گوتی، "بە درێژایی سنووری ئێران تاوەری چاودێری و بنکە دانراوە، هەروەها لەڕێگەی کامێراکانی گەرمیبین و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوام چاودێریی بارودۆخی ئەو سنوورانە دەکەین."
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر سنوورەکان، بەهادلی گوتی: "سەرەڕای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا سنووری ئێران رووبەڕووی بۆردوومانی ئاسمانی بووەوە، بەڵام سنوورەکانمان زۆر باش و بە تەواوی پارێزراو بوون."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی: "چاودێریی بەردەوام هەیە لەلایەن پاسەوانی سنوور، مەفرەزە گەڕۆکەکان بە پیادە و بە ئۆتۆمبێل، تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی دزەکردن یان بەزاندنی سنوور یان شکاندنی بەربەستەکانمان تۆمار نەکردووە. هێزەکانمان بە چاوی کراوەوە و بەئاگاییەوە لە ئەرکدان."
 
"سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا ئارامترین سنوورە لەسەر ئاستی ناوچەکە"
 
سەبارەت بە سنوورەکانی سووریا، عەباس بەهادلی رایگەیاند، "ئێمە خاوەنی 816 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشین لەگەڵ سووریا، ئێستا دەتوانم بڵێم ئەم شوێنە تووندوتۆڵترین و ئارامترین سنوورە لەسەر ئاستی ناوچەکە و چیدی وەکو ساڵانی 2003 و 2014 نییە کە بێسەروبەر بێت."
 
لەبارەی ئەو رێکارە تەکنیکییانەی گرتوویانەتە بەر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "سنوورەکەمان بە بەربەستی کۆنکرێتی، خەندەقی قووڵ و تاوەری چاودێریی پارێزراوە. پشتمان بە تەکنەلۆژیای نوێی وەک کامێرای گەرمیبین و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەستووە. ئەم رێکارانە سێ ساڵ بەر لە ئێستا و پێش گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دیوی سووریا دەستمان پێکردووە و ئەنجامی زۆر باشیان هەبووە."
 
هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە
 
لەبارەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، عەباس بەهادلی دەڵێت، "هاوئاهەنگییەکی بێوێنە و بەرهەمدار لەنێوان فەرماندەیی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە. ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە کە ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هاوکارییە مەیدانیانە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی باندە تاوانکارییەکان و گوتی، "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی مادەی هۆشبەر و نشینگەی هەرێمی کوردستان، توانیمانە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانی مادەی هۆشبەر و قاچاخچییانی کرێکاری بیانی دەستگیر بکەین. ئەم کارە هاوبەشە بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی پڕکردووەتەوە."