کێشەی تەنگەی هورمز هێلکەی لە عێراق گران کردووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، رێکاری بەپەلە دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی هێلکە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، مەهدی سەهر جبووری، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان تێبینیی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکەیان لە بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کردووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "گرانبوونی ئالیک و کێشەکانی تەنگەی هورمز وایانکردووە نرخی هێلکە گران بێت."
 
نرخی کارتۆنێک هێلکە 70 هەزار دیناری تێپەڕاند
 
ئێستا لە بازاڕەکانی عێراقدا، نرخی یەک کارتۆن هێلکە 70 هەزار دیناری تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا پێشتر نرخەکەی لەنێوان 60 بۆ 65 هەزار دینارە. 
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی: "بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ، چەند بڕیارێکی خێرامان داوە، لەوانە ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی هێلکە لەنێوان پارێزگاکان، بەتایبەتی گواستنەوەی بەرهەمی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق نووسراوی ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی دارایی کردووە بۆ سزادانی ئەو بازرگانانەی یاری بە نرخ دەکەن. مەهدی جبووری دەڵێت: "لە هەنگاوی یەکەمدا تەنیا ئاگادارمان کردوونەتەوە، تێبینیشمان کردووە تەنیا بەو ئاگادارکردنەوەیە نرخی هێلکە رووی لە دابەزین کردووە."
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتیشی: "پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ توانای پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕیان هەیە، بەڵام هەندێک بازرگان هەوڵی قۆرخکاری و گرانکردنی نرخ دەدەن بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن."
 
"هێلکە لە هەرێمی کوردستان هەرزانترینە"
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان جیاوازە، بڕی پێویستی رۆژانەی ناوخۆ 7 هەزار کارتۆنە، لە رۆژێکدا هەرێمی کوردستان 21 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنێت.
 
لەبارەی نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان، فیراس سدیق گوتی :"نرخی کارتۆنێک هێلکە (12 تەبەق) لەگەڵ عێراق نزیکەی  15 هەزار دینار جیاوازە. لێرە 60 هەزارە بۆ هەر کارتۆنێک. نرخی هێلکە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ لە هەرێمی کوردستان هەرزانترینە"
 
فیراس سدیق دەڵێت:" ئەو هێلکەیەی کە دەینێرین بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق، تاوەکو لای خۆمان بڕی پێویستی دانەنێین، هەناردەی ناکەین."