دەروازەی سنووریی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا کرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی سنووریی رەبیعە لەنێوان عێراق و سووریا بە فەرمی بەڕووی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرایەوە. پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، کردنەوەی دەروازەکە "وەرچەرخانێکی مێژووییە" و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانیش دەڵێت، دەروازەکە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و گواستنەوەی سووتەمەنی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، لە مەراسیمێکدا کە هەریەک لە پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئامادەی بوون، دەروازەی سنووریی رەبیعە کرایەوە و یەکەمین کاروانی بارهەڵگرەکان لە عێراقەوە بەرەو دیوی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کردنەوەی ئەم دەروازەیە لەسەر فەرمان و راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بە گرنگیی دەروازەکە کرد و گوتی، "ئەمە تەنیا کردنەوەی دەروازەیەک نییە، بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و برایەتییە لەنێوان هەردوو گەلی عێراق و سووریا. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئاسانکارییەکی گەورەش بۆ گەشتیاران و جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی."
عەبدولقادر دەخیل دەڵێت، عێراق لە قۆناخێکی هەستیاردایە و پێویستی بەم جۆرە دەروازە ستراتیژییانە هەیە، کردنەوەی دەروازەی رەبیعەشی وەک "خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی عێراقدا" ناو برد.
هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، تیشکی خستە سەر لایەنە تەکنیکی و ئابوورییەکانی دەروازەکە و رایگەیاند، "ئەم دەروازەیە بۆ پارێزگای نەینەوا و عێراق بایەخێکی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا."
عومەر وائیلی گوتی، "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەیە و ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت."
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بارهەڵگرەکان دەستیان بە هاتووچۆ کردووە و دەروازەکە جگە لە لایەنی بازرگانی، بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش بەکاردێت.
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
دەروازەکە لە دیوی رۆژئاوای کوردستان پێیگوترێت تل کۆچەر( کە لە سووریا بە دەروازەی یەعڕوبیە ناسراوە) لە ساڵی 2014ـەوە، دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، بەڕووی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاریدا داخرا.