چیرۆکى ئەو 44 قوتابییەى پۆلێک کە لەسەر رستەیەک لە عێراق کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینى رستەیەک لەسەر تەختەڕەشى پۆلى قوتابخانەیەک لە عێراق، 44 قوتابیى پۆلەکەى بەکوشتن دا. دواى 44 ساڵ لەو رووداوە، نهێنییەکەى لە رێگەى دەستگیرکردنى بەرپرسێکى ئەوکاتی حیزبی بەعسەوە ئاشکرا دەبێت.
 
ئەو قوتابییانە ساڵى 1981 لە پۆلی چوارى ئامادەیی قوتابخانەى کازمییەى بەغدا بوون، کاتێک لەلایەن دەزگاکانى دەسەڵاتى ئەو کاتەوە دەستگیر کران و دواتر کوژران.
 
لەسەر تەختەڕەشى پۆلى (چوار - دال)ی قوتابخانەکە نووسرا "بڕووخێ سەدام"، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئەو قوتابیەیان نەدۆزییەوە کە ئەو رستەیەى نووسیبوو، بۆیە هەموو 44 قوتابیی پۆلەکەیان دەستگیر کرد.
 
وردەکاریى ئەو چیرۆکە لەسەر زارى لیوا نیعمە دلێمى لە بەڕێوەبەرایەتیى "ئەمنى عام" لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەو کاتە ئاشکرا بووە، کە میدیاى فەرمیی عێراق دانپێدانانى بڵاوکردەوە، دواى ئەوەى ماوەیەک لەمەوبەر دەستگیر کرا.
 
بەیانیى 14ى ئایارى 1981 هێزێکى سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە هەڵیانکوتاوەتە سەر قوتابخانەى کازمییەى کوڕان.
 
نیعمە دلێمى لە دانپێدانانەکانى دەڵێت، "کە گەیشتینە پۆلى چوارى دال، نووسینەکە (بڕووخێ سەدام) بە روونى لەسەر تەختەڕەشەکە نووسرابوو."
 
هەر 44 قوتابییەکەى ئەو پۆلە دەستگیر کران و بران بۆ بارەگاى ئەمنی عام و لێکۆڵینەوەیەکی تووندیان لەگەڵ کرا، تاوەکو بزانن کامیان ئەو رستەیەى نووسیوە، بەڵام بە بکەرەکەى نەگەیشتن.
 
سەدام تووڕە بووە
 
بەگوێرەى دانپێدانانەکە، سەدام حوسێن، سەرۆکى دەسەڵاتى ئەو کاتی عێراق کە بە رووداوەکەى زانیوە، تووڕە بووە و بەشێک لە تووڕەبوونەکەى ئەفسەر و لێکۆڵەرانى ئاسایشی گشتیی گرتووەتەوە.
 
هەندێک لە ئەفسەران بە تۆمەتی کەمتەرخەمى لە دۆزینەوەى ئەو قوتابییەى ئەو رستەیەى نووسیوە، سزا دراون.
 
ئەو گوشارەى سەدام حوسێن واى لە بەرپرسانى ئەمنی عام کرد دەست بە دەستگیرکردنى کەسوکارى قوتابییەکان بکەن.
 
دواى زیاتر لە دوو مانگ و لە 2ى ئابی هەمان ساڵ، فەرمان بە ئەمنى عام کرا کە بەبێ دادگاییکردن ئەو 44 قوتابییە بکوژن و بیانخەنە گۆڕى بەکۆمەڵەوە.
 
نیعمە دلێمى دەڵێت، "کەسوکارى ئەو قوتابییانە بە چەند قۆناخێک و لە سێ ساڵدا کوژران، دواى 15 ساڵ و لە 1996 رووفاتەکانیان رادەستى کەسوکاریان کرایەوە."