حکومەتی عێراق جەژنانە دەداتە منداڵانی بێ دایک و باوک
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 100 هەزار دینار جەژنانە بدرێتە منداڵانی بێ دایک و باوک، کێشەی خانووە بێ تاپۆکان چارەسەر بکات، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کەمپی هۆل ببەسترێت و پارەی پرۆژەیەکی پارێزگای کەرکووک زیاد بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق کرا.
گرنگترین بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق:
- بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی بێ تاپۆ و زێدەڕۆ، ئەنجوومەن هەموارکردنی بڕیاری (23107ی ساڵی 2023)ی پەسند کرد، کە تایبەتە بە رێنوێنییەکانی گۆڕینی رەگەزی زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون.
- بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، جەژنانەیەک بە بڕی 100 هەزار دینار دەدرێتە منداڵانی بێ دایک و باوک کە لە چاودێریی یارمەتی کۆمەڵاتی تۆمار کراون و ژمارەیان (5832) منداڵە.
- لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی نوێنەرێک لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و نوێنەران لە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید و وەزارەتی پلاندانان پێکدەهێندرێت. ئامانجەکە دۆزینەوەی چارەسەری کرداری و جێبەجێکردنی سیستمی گەنجینەی یەکگرتوو، شیکردنەوەی زانیارییەکان و بەرزکردنەوەی راسپاردەکانە بۆ سەرۆکوەزیران.
- پڕۆژەیاسای موختارەکان پەسند کرا و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا. مووچەی مانگانەی موختار بە (350) هەزار دینار دیاریکرا.
- دەسەڵات درایە وەزارەتی کارەبا بۆ گرێبەستی راستەوخۆ، بەدەر لە شێوازەکانی گرێبەستکردن و رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی حکومی، بۆ کڕینی وزە بەشێوازی (وەرگرتن و پارەدان Take-or-Pay)، جگە لە تێچووی سووتەمەنی، بۆ ماوەی یەک ساڵ کە لە 1ی حوزەیرانی 2025ەوە دەست پێدەکات.
- پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای پەسندکردنی واژۆ و بەڵگەنامە و دۆکیومێنتە عێراقی و بیانییەکان (52ی ساڵی 1970) پەسندکرا و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا.
- راپۆرتی ساڵانەی ئەنجوومەنی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر بۆ ساڵی 2024 پەسندکرا.
- بڕیارەکانی (23037 و 23185) هەموارکرانەوە، بەجۆرێک کە بەشێکی نوێ لە گومرگ دابمەزرێت بۆ وردبینیکردنی لێخۆشبوونەکانی گومرگی.
- زیادکردنی بودجە و تێچووی گشتیی پڕۆژەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی 192 یەکە لە ناحیەی مولتەقا لە پارێزگای کەرکووک؛ دروستکردنی نەخۆشخانەی زانکۆیی پسپۆڕی لە پارێزگای بەسرە و دروستکردنی وێستگەی شیرینکردنی ئاوی دەریا لە پارێزگای بەسرە.
- دەرکردنی سیستمی هەموارکردنی دووەمی سیستمی کرێکاران لە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان.
- بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کەمپی هۆل کە لە تەرخانکراوەکانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە پارەدار دەکرێت.
- پەسندکردنی کۆنووسی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی شاری ئابووری لە بەغدا.
- دەرکردنی سیستمی پێکهاتە و ئەرکەکانی دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێریی ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆجی.