ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری زیادکردنی باجی سەر کارتی مۆبایلی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیارێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی هەڵوەشاندەوە کە بڕی 20%ی وەک "کرێی خزمەتگوزاری" دەخستە سەر کارتەکانی مۆبایل. ئەنجوومەنەکە دەڵێ، "حکومەتی کاربەڕێکەر مافی نییە بارگرانیی دارایی بۆ هاووڵاتییان دروست بکات."
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەنجوومەنی تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان، دوای وردبینیکردن لەو تانەیەی کە کۆمپانیای (ئەسیر) پێشکێشی کردبوو، بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی ئەو پارەیەی لەژێر ناوی "کرێی خزمەتگوزاری" لە هاووڵاتییان وەردەگیرا.
ئەیاد موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی تانەدان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ، "ئەو بڕە پارەیەی بە رێژەی 20% خرابووە سەر کارتەکانی باڵانس و ئەپلیکەیشنە ئەلیکترۆنییەکان، لە راستیدا باجی فرۆشتنە نەک کرێی خزمەتگوزاری."
ئەو دادوەرە ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی مادەی 28 لە دەستووری عێراق، "سەپاندنی باج تەنیا لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە و ناتوانرێ بەبێ یاسا هیچ باجێک بەسەر هاووڵاتییاندا بسەپێندرێ."
لە بڕیارەکەی دادگەکەدا هاتووە کە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان پشتی بە رێنماییەکی ئەنجوومەنی وەزیران بەستبوو لە کاتێکدا حکومەت "کاربەڕێکەر" بووە. ئەیاد موحسین دەڵێت، "حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی یاسایی نییە بڕیارێک دەربکات کە بارگرانیی دارایی بۆ هاووڵاتییان دروست بکات."
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ئەو بڕیارەی پێشوو هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە، بۆیە بە فەرمی هەڵوەشێندرایەوە و هەموو شوێنەوارە یاساییەکانیشی کۆتاییان پێهات.
بڕیارەکە رۆژی 16-12-2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکرا کە لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکەدا هاتبوو، "دەستپێکردنەوەی کارکردن بە سەپاندنی کرێی خزمەتگوزاری بە رێژەی 20% لەسەر پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل و ئینتەرنێت، چ لە رێگەی کارتەکانەوە بێت یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنە ئەلکترۆنییەکانەوە."