عێراق لیژنەیەک لەبارەی هێرشەکانی سەر سعودیە و ئیمارات پێکدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە کرانە سەر سعودیە و ئیمارات. راشیگەیاند کە لە دژی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراقن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە. هەروەها لیژنەیەک بۆ ئەو پرسە پێکهێنرا.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کابینەی نوێی حکومەت کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کردووە کە بەم دواییە کراونەتە سەر سعودیە و ئیمارات و لە دژى بەکارهێنانی خاکی عێراقن یان تێپەڕین بە ئاسمانەکەیدا بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی عەرەب و دۆست و بە چڕی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا دەکەن.
 
لە رۆژی 17ـی ئایاری 2026، بە درۆن هێرشکرایە سەر سعودیە و ئیمارات، وەزارەتی بەرگریی ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاند کە ئەو درۆنانە لە ئاسمانی عێراقەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکانیان.
 
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تاوتوێی ئەو لێکۆڵینەوانەیان کردووە کە لەبارەی بە ئامانجگرتنی سعودیە و ئیمارات دەستی پێکردووە، ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار لەو دوو وڵاتەدا.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی فالح زەیدی فەرمانی داوە بە گرتنەبەری سەرجەم رێوشوێنەکان لەدژی تێوەگلاوان، ئەگەر ئەوە سەلمێنرا کە خاکی عێراق بۆ ئەو هێرشانە کراون.
 
عەلی فالح زەیدی گوتی: "حکومەت نەرمی نانوێنێت لەگەڵ هەر کەس یان گرووپێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق یان ئاسایشی دۆستەکانی بکات لە وڵاتانی ناوچەکە."