وەزیرى بەرگریى عێراق: لە مانگەکانى داهاتوو یەکەم کاروانى سیستمى بەرگریى ئاسمانیی کۆریا دەگات


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى بەرگریى عێراق رایدەگەیێنێت، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور واژۆ کردووە بۆ کڕینى سیستمى بەرگریى ئاسمانى و لە چەند مانگى داهاتوودا یەکەم کاروانى ئەو سیستمە دەگاتە عێراق.
 
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 20ى حوزەیرانى 2025، سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى تواناى بەرگری و رێکارەکانیان بۆ بەهێزکردنى ئەو سیستمە بڵاوکردەوە.
   
عەباسی دەڵێت، "لە چوارچێوەی پابەندبوونمان بە پەرەپێدانی تواناکانی سوپای عێراق و بەهێزکردنی بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، لەوەتەی ئەرکەکانمان لە وەزارەتی بەرگری وەرگرتووە، دەستمان بە داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی گشتگیر کردووە کە ئامانج لێی پاراستنی ئاسمانی عێراقە لە رێگەی پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە".
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە کە لە پارەوە دەستیان بە گرتنەبەری رێکاری کردەیی و راستەوخۆ کردووە، دیارترینیان واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژیی بووە لەگەڵ کۆمپانیای LIG Nex1ی کۆریاى باشوور کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەیە و تایبەتە بە بواری پیشەسازیی بەرگری.
 
ئامانج لەو رێککەوتنە، پڕچەککردنی عێراقە بە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و مۆدێرن کە توانای رووبەڕووبوونەوەی کارا و کاریگەری هەڕەشە ئاسمانییەکانی هەبێت.
 
وەزیری بەرگریی عێراق دەڵێت، "بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئەو سیستمە وەربگرین، بەپێی خشتەیەکی کاتیی ورد کە رەچاوی کارى لە پێشینە و پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکانمان دەکات، هەروەها بەم دواییانە یەکەم کاروانی فڕۆکەی فرەئەرکی فەرەنسی لە جۆری کاراکاڵمان وەرگرتووە و کاروانەکانی دیکەش لە ماوەی داهاتوودا بەدوای یەکدا دەگەن."
 
گرێبەستى عێراق لەگەڵ کۆمپانیا کۆرییەکە بە بەهاى 2.78 ملیار دۆلارە و سیستمى چیۆنگونگى لێ دەکڕێت کە بە ئێم –سام 2 ناسراوە، مووشەکە بەرگرییەکانى بۆ مەودواى مامناوەندن.
 
سابت عەباسى گوتی، "پاراستنی ئاسمانی عێراق و پارێزگاریکردن لە سەروەرییەکەی تەنیا درووشم نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکە بەوپەڕی جددییەتەوە لە ئەستۆی دەگرین و رۆژانە لە رێگەی پلاندانان، جێبەجێکردن و هەڵسەنگاندنی بەردەوامەوە کاری بۆ دەکەین."
 
ئەو روونکردنەوەیەی وەزیرى بەرگریى عێراق لە کاتێکدایە کە هەفتەیەکە جەنگى نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و هەردوولا بەسەر ئاسمانى عێراقدا بە مووشەک و درۆن یەکدى بۆردوومان دەکەن.