دادگەی فیدراڵی لەبارەی سێ سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 20-07-2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەبارەی سێ سکاڵا بکات، کە لە دژی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. دوو لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتاری عەرەبەوە لەسەر گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، سکاڵاکەی دیکەش لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەی رووناکییە.
 
دوو سکاڵاکەی سەر گرێبەستەکانی نەوت لەلایەن هەریەک لە رائید حەمدان مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و باسم نەغیمش غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 
هەردوو سکاڵاکە داوای نادەستووریبوون و بەتاڵکردنەوەی ئەو گرێبەستانە دەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 19-05-2025 لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی (وێستێرن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی) بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی (میران و تۆپخانە - گردەمیر) واژۆی کردوون.
 
سکاڵاکاران ئەو گرێبەستانە بە "نادروست" و "نادەستووری" ناودەبەن و داوا دەکەن هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بەوەی هیچ گرێبەستێکی نەوت و گاز بەبێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵی واژۆ نەکات.
 
یەکێک لە سکاڵاکان داوای دەرکردنی "فەرمانسالاری دەکات بۆ راگرتنی خێرای رێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان تاوەکو یەکلابوونەوەی داواکە."
 
سکاڵای سێیەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
 
بابەتی سکاڵاکە داواکارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (280)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە 14-05-2025 دەرچووە و تایبەتە بە پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری (پڕۆژەی رووناکی).
 
بەگوێرەی سکاڵاکە، بڕیارەکە کە تێیدا ساڵانە بڕی 265 ملیار دینار بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشانی کارەبا تەرخانکراوە، پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە.