سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمان: ناردنى مووچە بەندە بە جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەندە بە جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى رادەستکردنى داهات و نەوت. دەڵێت: "داهاتى نەوت بەشى مووچەى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات".
 
ئەو گوتانەى عەتوان عەتوانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا بوو کە یەکشەممە 20ى تەمووزى 2025، لە بەغدا و دواى میوانداریکردنى تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدڕاڵ لەلایەن لیژنەکەیەوە ئەنجامیدا.
 
عەتوان عەتوانى رایگەیاند، ئەو کاتەى کە پابەندبوون هەبێت بەو رێککەوتنەى کە لە نێوان بەغدا و هەولێر واژۆ کراوە و هەرێمى کوردستان خاڵەکانى جێبەجێ بکات و نەوت رادەستی کۆمپانیاى سۆمۆ بکات و داهاتى نانەوتى بگەڕێنێتەوە، وەزارەتى دارایی فیدراڵ پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان دەنێرێت.
 
بە گوێرەى رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کە لە 17ى تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە پەسند کرا، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەست بە ناردنى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان بۆ مانگی ئایار دەکات وەک سەرەتایەک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، دوای ئەوەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە بەندەرى جەیهانى تورکیا تەواوى نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستانى رادەستکراوە.
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتى: "فرۆشى نەوتى ئێستا پارەى مووچەى فەرمانبەران دەستبەر دەکات، بەڵام ئەگەر هەیە جووڵەى ئەو نەختینەیە بەشێوەیەکى ناڕێکخراو تاوەکو هەندێک دواکەوتن دروست بکات، بەڵام داهاتى نەوت بەشى مووچەى فەرمانبەران دەکات لە هەرێمى کوردستان بێت یان لە حکومەتى فیدڕاڵ".
 
حکومەتى عێراق مانگانە پێویستى بە 7.5 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەو کەسانەى هاوکاریى تۆڕى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە.