زیادکردنی ئاشکرا بۆ ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە بەغدا؛ نرخی بەشێکیان دەگاتە 250 ملیۆن دینار
روودو دیجیتاڵ
ژمارە جوانەکانی تابلۆی ئۆتۆمبێل لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراقەوە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ فرۆشتن خرانەڕوو، ئەوەی زۆرترین نرخی پێبدات دەبێتە خاوەنی کە هەندێک لە ژمارەکان نرخەکەیان دەگاتە 250 ملیۆن دینار.
محەممەد مەحموود تەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عێراق رایدەگەیێنێت، "ئەو زیادکردنە لەبەرچاوی هەمووتانە زۆر پاک و بێگەردە، مافی هەر هاووڵاتییەکی عێراقییە بەشداریی ئەو زیادکردنە بکات، دەبێت چەکێکی بانکی پێشکێشی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ بکات، ئەو ژمارەیە دیاری بکات کە لە شاشەکەدا خراوەتەڕوو."
جگە لە بەغدا، نرخی ژمارەی تابلۆکانی ئۆتۆمبێلی پارێزگاکان بەمشێوەیەن: ژمارەی تاک دەگاتە 250 ملیۆن دینار، جووت 150 ملیۆن دینار و ژمارەی چواریی 70 بۆ 100 ملیۆن دینارە.
عەلی حوسێن، کڕیاری تابلۆی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت، "هەندێک خەڵک دێن بازرگانی بەو ژمارانەوە دەکەن، هەندێکی دیکەش هیوایەتیانە، دەوڵەت دەستپێشخەرییەکی جوانی کردووە، دەوڵەت و میدیا ئاگاداری ئەو زیادکردنەن، من وەک خۆم تەنیا هیوایەتمە، زیادکردنە نرخەکەی گونجاوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دەرەوە پارەی زیاتر دەکات، نرخەکەی دوو بەرامبەر زیاد دەکات ئەگەر دەوڵەت بە 100 ملیۆن دینار بیخاتەڕوو، ئەوا لە دەرەوە 200 بۆ 250 دەکات."
لەم زیادکردنەدا هیچ ژمارەیەکی جوانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای بەغدای پایتەختی عێراق نەخرایە زیادکردنەوە، بەشێکی هۆکاری ئەوەیە خواستی زۆری لەسەرە و لە رابردوودا هەمووی ساخ بووەتەوە و فرۆشراون.
هەر تابلۆیەکی ئۆتۆمبێل نرخێکی تایبەتی بۆ دیاریکراوە، ئەگەر نەگەیشتە پارەی پێویست، هەڵدەگیرێت و جارێکی دیکە لە زیادکردنێکی دیکەی ئاشکرادا دەخرێتەڕوو. لە عێراق زیاتر لە 7 ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.