حکومەتی عێراق تیمێکی نیشتمانی بۆ بەرزکردنەوەی پۆلێنی قەرزی وڵات پێکدەهێنێ

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە پێکهێنانی تیمێکی نیشتمانیی هاوبەش کرد بۆ بەرزکردنەوەی پۆلێنی قەرزی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی پێگەی دارایی و ئابووریی وڵات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 20-08-2025 بڵاوکراوەتەوە، تیمەکە بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری بانکی ناوەندییە و نوێنەری وەزارەتەکانی دارایی، نەوت، پلاندانان، دەستەی کاخەزە داراییەکان و کەرتی بانکی لەخۆدەگرێ.
 
ئەرکی سەرەکیی تیمەکە داڕشتنی ستراتیژییەتێکی گشتگیرە بە ئامانجی روون و شیاوی پێوانەکردن، هەروەها هاوئاهەنگیکردنە لەگەڵ ئاژانسە گەورەکانی پۆلێنکردنی قەرزی جیهانی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی روانگەی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابووریی نیشتمانی و کردنەوەی دەرگای فراوانتر لە بەردەم وەبەرهێنانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بیانی."
 
حکومەت جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە پابەندبوونی روونی بە بەرنامەی چاکسازی و پەرۆشیی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری پیشان دەدات؛ هەروەها ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنانە کە ببێتەهۆی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
 
پۆلێنی دڵنیایی قەرزی سەروەری بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکان دادەنرێ بۆ هەڵسەنگاندنی باری ئابووری و توانای دارایی هەر وڵاتێک. ئەم پۆلێنە راستەوخۆ کار لەسەر توانای وڵات دەکات بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و وەرگرتنی قەرز بە تێچوویەکی کەمتر. 
 
پۆلێنی دڵنیایی قەرز بریتیە لە هەڵسەنگاندنێکی پسپۆڕانە کە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەک (Fitch, Moody's, S&P) دەدرێتە وڵاتان. ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوە دیاری دەکات کە وڵاتەکە تاوەکو چەند توانای هەیە پابەندییەکانی خۆی لە دانەوەی قەرزەکانی جێبەجێ بکات.
 
- پۆلێنی بەرز بۆ نموونە A واتە مەترسیی دانەوەی قەرز زۆر کەمە، ئەوەش وا دەکات وڵاتەکە بە سوودێکی کەم قەرز وەربگرێ و متمانەی وەبەرهێنەرانی زیاتر بێ.
 
- پۆلێنی نزم بۆ نموونە B یان C واتە مەترسییەکی بەرزی لە دانەوەی قەرزەکانی هەیە، ئەوەش وا دەکات وڵاتەکە ناچار بێ بە سوودێکی زۆرتر قەرز بکات و وەبەرهێنەران کەمتر رووی تێبکەن.