ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى: بڵاوکردنەوەى سوپا لە بەغدا لەسەر بنەماى هەڕەشە بووە

رووداو – هەولێر

سوپاى عێراق لە چەند ناوچەیەکى بەغدا بڵاوەی پێکراوە و بڕیاریشە ئەمشەو هێزی زیاتریش بڵاوەیان پێ بکرێت، کە بەپێی راگەیێندراوێکی شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق "رێوشوێنێکى مەشقکردن بووە"، بەڵام ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "ئەو نمایشە لەسەر بنەماى هەڕەشە بووە و ئەگەر هەیە لە رۆژانى داهاتوودا گرژى رووبدات."
 
شەوى 19ى ئەیلوولی 2022، چەند یەکەیەکى سوپاى عێراق لە ناوچەى جادریە و شەعب و چەند ناوچەیەکى دیکەى بەغداى پایتەخت بڵاوکراونەوە و بۆ ماوەیەک چەند رێگەیەکیان داخست.
 
20ى ئەیلوولی 2022 شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، بڵاوکردنەوەى ئەو هێزانە رێوشوێنى مەشقکردن بووە بۆ بەهێزکردنى سەقامگیرى و بەرزکردنەوەى تواناى یەکە ئەمنییەکان.
 
شانەى راگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەشداوە، ئەمشەو 20ى ئەیلوول، هەمان رێوشوێن لە بەشى کەرخى بەغدا دەگرنەبەر.
 
ئەو رێوشوێنەى سوپاى عێراق لەکاتێدایە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئامادەکارى بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق دەکات و بۆ ئەو مەبەستە لیستێکى بە واژوى 183 پەرلەمانتارەوە ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوە.
 
وەعد قەدۆ، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڵاوکردنەوەى هێزى سوپاى عێراق لە چەند ناوچەیەکى بەغدا لەسەر بنەماى بوونى پەیامى هەڕەشە بووە لەلایەن چەند کەس و لایەنێکەوە لەڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە سەرچاوەکانیان دیارە." بەڵام ناوى ئەو لایەنانەى نەهێنا.
 
وەعد قەدۆ گوتى: "ئەو بڵاوبوونەوەیەى سوپا نمایشێک بووە بۆ گەیاندنى پەیامێک بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەى سوپا بیسەلمێنێت کە تواناى ئەوەی هەیە لە ماوەیەکى کەمدا رێوشوێن بگرێتەبەر و بەخێرایی بڵاوببێتەوە، ئەگەریش هەیە لە رۆژانى داهاتوودا گرژى رووبدات، بۆیە سوپا ویستى بیسەلمێنێت کە تواناى ئەوەى هەیە سیستم و دامەزراوەکانى دەوڵەت بپارێزێت."
 
بڕیارە نوێنەرانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و کورد و سوننە لە حەنانە لە نەجەف سەردانى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بکەن، بەمەبەستى گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەبارەى پرسی هەڵبژاردنى پێشوەخت و پێکهێنانى حکومەتى نوێ کە لەدواى زیاتر لە 11 مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هێشتا پێکنەهێندراوە.