کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: 50٪ـی کاخەزەکانی دەنگدان چاپکراون

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 23 ملیۆن کاخەزی دەنگدانی چاپکردووە. گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، ساختەکردنی کاخەزەکان "ئەستەمە."
 
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی ئەیلوولی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا ژمارەی کاخەزە چاپکراوەکانی دەنگدانی گشتی گەیشتووەتە 22,046,200 کاخەز و بۆ دەنگدانی تایبەتیش 1,509,300 کاخەز چاپکراوە، جگە لەوەی کە کاخەزی یەدەگیش دابین دەکرێت."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "کاخەزەکان بەپێی ستانداردی ئەمنیی تووندوتۆڵ چاپکراون، کە نیشانەی ئەمنیی شاراوە، مەرەکەبی تایبەت کە تەنیا بە ئامێر و پشکنینی تایبەت ئاشکرا دەکرێن، لەگەڵ تایبەتمەندیی دژە لەبەرگرتنەوە لەخۆدەگرن."
 
بە گوتەی جومانە غەلای، "هێمایەکی تایبەت لەنێو کاخەزەکانی دەنگدان دادەنرێت، هاوشێوەی ئەو هێمایانەیە لەنێو کاخەزی دراوەکان دان و ساختەکردنیان ئەستەمە، ئەمەش بۆ سەلامەتیی پرۆسەی دەنگدانە."
 
کاخەزەکان لە وڵاتی ئیمارات چاپ دەکرێن؛ "رێژەی چاپ کردن گەیشتووەتە 50٪، تاوەکو پێش وادەی هەڵبژاردن، پرۆسەی چاپکردنی کاخەزەکان تەواو دەکرێت."
 
دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ و دەنگدانی تایبەت لە 9ی هەمان مانگ دەکرێت.