سیهاد بارزانی: پلانەکەی پێشمەرگە 80% جێبەجێ بووە
رووداو - باشیک
ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە لە چوارەم رۆژی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ "بەباشی بەڕێوەدەچێت"، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لە میحوەری باشیکەوە بە رووداوی راگەیاند: پلانەکەی ئەمڕۆی پێشمەرگە بەڕێژەی لەسەتا 70 بۆ 80 جێبەجێ بووە.
سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک رایگەیاند "رێژەی لەسەتا 70 بۆ لەسەتا 80ـی پلانەکەمان جێبەجێ بووە و، بەنیازین ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-10-2016) تاوەکو ئێوارە یان تاوەکو چەند کاژێرێکی دیکە بەتەواوەتی پلاناکەمان جێبەجێ بکەین".
بەپێی گوتەی سیهاد بارزانی، چەکدارانی داعش لە گوندی تێس خەرابی گەورە کەمێک بەرگرییان هەیە و، دەڵێ "تاوەکو لەوێ کۆتایی بە داعش نەهێنین پێشڕەوی ناکەین و، بە زووترین کات کۆتاییان پێدێنین".
لەبارەی تاکتیکەکانی شەڕی داعش لەو شەڕە گوتی سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک گوتی "داعش هەرجارە و تاکتیکێک بەکاردەهێنێت ئەوان، زوو زوو تاکتیکەکانیان دەگۆڕن".
لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە لەوەی "رێژەیەکی زۆر TNT دانراوە، لە هەندێک جێگا چەکدارانی داعش بەرگری دەکەن ئێمە لەسەرخۆ دەڕۆین، چونکە ئەمە کۆتا قۆناخی داعشە و داعش دەزانێت دەکەوێت بۆیە بەرگری دەکات".