سەرۆکوەزیرانی عێراق: گفتوگۆی داهاتی نانەوتی رێ لە ناردنی مووچە ناگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان یەکلاییکردووەتەوە، ئێستا لە گفتوگۆدان لەسەر داهاتەکانی نانەوتی، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە هەبێت. 
 
محەممەد شیاع سوودانی باسی بایکۆتی رەوتی سەدریش دەکات بۆ هەڵبژاردن و ئاشکرای دەکات هەوڵیان داوە بۆ رازیکردنیان تاوەکو لە بڕیاری بایکۆتکردن پاشگەز ببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 20-10-2025، محەممەد شیاع سودانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیای عەرەبی، باسی بودجە و رێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێ: "کورتهێنانی دارایی لە بودجەدا بۆ 34 تریلیۆن دینار کەمکراوەتەوە، لەگەڵ پاراستنی سەقامگیریی دارایی وڵات." ئەو کورتهێنانە سیاسەتی هەڵەی حکومەتەکانی پێشوو بووە".
 
 سەرۆکوەزیرانی عێراق چاکسازیی ئابووریی بە گرنگ دەزانێ و دەڵێ: "پێویستی بە هاوپەیمانییەکی پەرلەمانیی بەهێز و یەکگرتوو هەیە، دەبێتە یەکێک لە پایە گرنگەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."
 
سوودانی ئاماژەی بەوەدا: "خەڵك  بەشێکی سەرەکی و گرنگن لە داڕشتنی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەشداریی فراوان لە هەڵبژاردنەکاندا توانای دەرکردنی بڕیاری گرنگ بە هەر حکومەتێک دەدات. "
 
لەبارەی رەوتی سەدر و بایکۆتی هەڵبژاردن محەممەد شیاع سوودانی دەڵێ : "هیواخواز بووین رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێت، هەوڵماندا بۆ رازیکردنیان تاوەکو لە بڕیاری بایکۆتکردن پاشگەز ببنەوە."
 
"گفتوگۆی داهاتی نانەوتی کاریگەری لەسەر ناردنی مووچە نابێ"
 
لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی رێککەوتنی نەوتی دەکات کە لەنێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکانی نەوت واژۆکراوە و دەڵێ :"دۆسیەی نەوتمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلاییکردووەتەوە، لە ساڵی 2009ـەوە بە هەڵپەسێردراوی مابووەوە، ئێستا گفتوگۆ لەسەر داهاتی نانەوتی دەکەین، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە نابێت."
 
سوودانی، سەبارەت بە دۆسیەی ئاو ئاماژەی بەوە کرد رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە عێراق لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە لەخۆدەگرێت، پڕۆژەکانی شیرینکردنی ئاوی دەریایان وەکو بەشێک لە چارەسەرە ستراتیژییەکان پەسەند کردووە.
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ سووریا و ئێران، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد باڵیۆزخانەکانی عێراق و سووریا لە بەغدا و دیمەشق کار دەکەن و خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێش دەکەن. دەشڵێت: "هاوکاری و هاوئاهەنگی ئەمنیمان هەیە بۆ بەدواداچوونی چەتەکانی داعش و بازرگانانی مادەی هۆشبەر."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانیی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکات و دەڵێ: "دوورین لە سیاسەتی گوشار، چونکە سوودی نییە و ناگاتە رێککەوتن. سەقامگیری بۆ وڵاتانی ناوچەکە گرنگە، کە لە رووی وزەوە 'سییەکانی جیهانن'." 
 
سوودانی روونی کردەوە بنکەی عەین ئەسەد لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقدایە و راوێژکاری گرنگی لێیە کە ئەرکیان بەردەوامیدانە بە هاوکاری و هەماهەنگی. دووپاتیشی کردەوە "داگیرکاریی تیرۆریستیی داعش هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق."
 
لەبارەی بە پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "دیاریکردنی نێردەیەک لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە بۆ عێراق هەنگاوێکی گرنگە، بەتایبەتی لە بنەچەدا عێراقییە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ دەخوازین."
 
بژاردە بۆ گرووپی چەکدار؛ "یان بچنە نێو دامەزراوەی ئەمنی یان کاری سیاسی"
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە لەبارەی گرووپە چەکدارەکان و چەکی دەستی ئەو گرووپانە دوو بژاردە دەخاتەروو: "یان بچێتە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، یان بچێتە نێو کاری سیاسییەوە. لەسەر ئەم رێچکەیە رێککەوتووین و لە جێبەجێکردنیدا بەردەوامین."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق قەرزەکانی عێراق بە هەڵەی حکومەتەکانی پێشتر دەزانێ و دەڵێ: "قەرزی دەرەکی 13 ملیار دۆلار تێناپەڕێت، زۆر کەمترە لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان." قەرزی عێراق بۆ یانەی پاریس، بڕەکەی 41 ملیار دۆلارە، میراتێکی رژێمی پێشووە، حکومەتی ئێستای عێراق بەرپرسیار نییە لە قەرزی ئەو سەردەمە." 
 
سوودانی رەخنەی لەو پەرلەمانتارانە گرت ناڕەزایەتییان بەرامبەر قەرزەکان پێشان داوە، چونکە وەکو ئەو دەڵێ: "خۆیان دەنگیان بە بودجە داوە و ئاگاداری وردەکارییەکانی بوون، بڕی کورتهێنان و قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی لەخۆ دەگرێت."
 
لە بواری وزەدا، سوودانی ئاماژەی بەوەدا ئێستا لە نێوان 24 هەزار بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای  (GE)ـی ئەمریکی هەیە بۆ زیادکردنی 24 هەزار مێگاواتی دیکە، گەورەترین گرێبەست لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، دەشڵێ :" رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسلرەیت ئێنێرجیی ئەمریکی واژۆ دەکەن بۆ دابینکردنی گازی ئەمریکی بۆ عێراق و لە رێکارەکانی خستنەڕووی پڕۆژەی سەکۆی جێگیر لە بەندەری فاو بۆ هاوردە و هەناردەکردنی گاز بەردەوامن.
 
سوودانی باسی عێراق دەکات وەکو شوێنێکی گەشتیاری و دەڵێ : "بازدانێکی بەرچاومان لە داهاتەکانی کەرتی گەشتیاریدا بەدەست هێناوە، گەیشتووەتە 40%." پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بە بڕی 450 ملیار دۆلار، دەرفەتی وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت و عێراقێکی نوێ دروست دەکات.