مالیکی: پێش هەمووشتێک دەنگدان بۆ عێراقێکی بەهێزە، نەک بۆ کەس و لایەن


رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ ' دەوڵەتی یاسا'  لە بەغدا، هۆشداریی دا لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگ بە ''رێگەی ناڕەوا'' یان لە رێگەی ''تۆقاندن و دەمچەورکردن''ـەوە و دەڵێ، ئەو دیاردەیە ''لێرە و لەوێ روودەدات''. 
 
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا  داوای لە خەڵك کرد، دەنگدانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر بێت، نەک بۆ پاڵێوراو یان پارتێکی دیاریکراو.
 
''خراپترین دیموکراسی لە دیکتاتۆری باشترە''
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، ''لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئەزموونێکی دیموکراسیی بێکەموکوڕی نییە، تەنانەت لە وڵاتە دێرینەکانیش کێشە هەیە.'' 
 
هەروەها دەڵێ:" خراپترین دیموکراسی باشترە لە فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری و سەرکوتکار: ''بەتایبەتی ئێمە لە سەردەمی بەعسی ستەمکاردا تاڵاوی زۆرمان چەشت، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە نەبووایە، گەلی عێراق پەلکێشی جەنگی وێرانکەر و گەمارۆی ئابووری نەدەکرا.''
 
مالیکی بۆ خەڵك : دەنگ بدەن 
 
نووری مالیکی، داوای لە ''هەموو گەلی عێراق بە عەرەب، کورد، تورکمان، شیعە، سوننە، ئێزدی، مەسیحی و سابیئەوە'' کرد، لەکاتی دەنگداندا بیر لەوە نەکەنەوە کە دەنگ بۆ پاڵێوراو، پارت یان لیستێکی دیاریکراو دەدەن. ''ئەوەی راستە و لە هەمووان گرنگترە، دەنگدانتان لەپێناوی عێراق، نەوەکانی داهاتوو و دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز، سەقامگیر و گەشەسەندوو بێت. بۆیە داواتان لێدەکەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.''
 
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی حکومەتێکی بەهێز و کارا، ئابوورییەکی بەهێز، ژیانێکی باشە و دامەزراوەیەکی بەهێزی سەربازی دەوێت بەشداری دەنگدان بکات، چونکە پەرلەمان بزووێنەری هەموو ئەمانە و لەوێ یاسا دەرچێت و چاودێری کاروبارەکان دەکرێت. 
 
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، کە لە 11-11-2025 دەکرێت، هاوپەیمانییەکە 11 پارت و لایەنی لەخۆگرتووە. 
 
دیارترین پارتەکان بریتین لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی؛نەهجی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەبدسادە فرێجی؛کوتلەی مونتەسیروون بە سەرۆکایەتیی فالح خەزعەلی؛ بزووتنەوەی هەمم بە سەرۆکایەتی وائیل جاسم؛ بزووتنەوەی بەشائیر خێر، بەسەرۆکایەتی یاسر مالیکی؛ رەوتی قەسەمی نیشمانی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر ئەسەدی؛ یەکێتیی ئیسلامی تورکمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد جاسم جەعفەر؛ بزووتنەوەی وهجی گەنجان بە سەرۆکایەتی عەلی مالیکی؛ گردبوونەوەی رابوون و بنیادانان بە سەرۆکایەتی تەڵاڵ بیلال؛ هەروەها قەوارەی پیاوانی عێراق.