تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێوان چاپخانەکان و بە کرێگرتنی شوێنەکان
رووداو دیجیتاڵ
تێچووی چاپکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بە پلەی یەک گرانترین نییە، بەڵکو ئەگەر وردبینەوە لە نرخەکانی چاپکردن، دەبینین لەچاو تێچووی بەرزی کرێی شوێنەکانی ئەو بانگەشانە زۆر کەمە، کە نرخی هەندێکیان لە ناوچە پلە یەکەکاندا دەگاتە زیاتر لە 30 ملیۆن دینار.
نەبیل شەممەری، بەڕێوەبەری چاپخانەی "رافید" لە شەقامی سەعدوون لە بەغدا، کە چاپخانەکەی سەرقاڵی گرێبەستی چاپکردنی بانگەشەی هەندێک لە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانە دەڵێت، "نرخی چاپکردنی یەک مەتر چوارگۆشە لەسەر فلێکس 3 هەزار دینارە، ئەمە تەنیا بۆ چاپکردنەکەیە. کرێی چوارچێوە و چەسپاندنی وێنە چاپکراوەکە لەسەر ئاسن هەیە کە تێچووەکەی لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دینارە. ئێمە کاری چاپکردن و چوارچێوە و چەسپاندن لەسەر ئاسنمان کردووە، پاشان کرێی دانانی لە شەقامەکان یان شوێنە دیاریکراوەکان، کە بۆ هەر دانەیەک 15 هەزار دینارە."
بە گوتەی شەممەری کە رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، گرانترین کرێ "کرێی ئەو ناوچانەیە کە بانگەشەکەی لێ دادەنرێت، چونکە هەموو شوێنەکان بەخۆڕایی نین، تەنیا هەندێکیان کە لەبەرچاوی خەڵک نین، بەخۆڕایین." روونیشیکردەوە، "کۆمپانیای گەورەی رێکلام هەن کە بە شێوەی ساڵانە سەدان شوێنیان لە بەغدا کڕیوە یان بەکرێ گرتووە، هەروەها کەسانێکیش هەن کە ئەم شوێنانەیان مانگانە بەکرێ گرتووە، جا چ لە ئەمینداریێتیی بەغدا بێت یان لە خاوەن باڵەخانەکان، بەتایبەتی بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن، کرێی ئەم شوێنانە زۆر بەرزە و هەندێکیان لەوپەڕی خەیاڵیدان."
نەبیل شەممەری، گوتیشی: "هەندێک کوتلەی هەڵبژاردن وەک تەقەدوم، چەندین شوێنیان لە ناوچەی مەنسوور و شەقامی 14ی رەمەزان و چوار شەقامی لای کەرخ بە دەیان ملیۆن دینار بەکرێ گرتووە. ئەم نرخانە زیادەڕۆیی نین ئەگەر بزانین کە کوتلەیەک سەربانی باڵەخانەیەکی بە بڕی 30 ملیۆن دینار بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکرێ گرتووە، هەروەها سەربانی باڵەخانەیەکی دیکە بە 10 ملیۆن دینار بەکرێ گیراوە." ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک شوێن هەن کە کوتلە سوننەکان حەزیان لێیە و زۆربەیان دەکەونە لای کەرخ و ناوچەی ئەعزەمییەوە، بەڵام لە شەقامەکانی سەعدوون و کەرادە، رێکلامەکان تێکەڵن بۆ کوتلە شیعی و سوننی و کوردییەکان، ئەمانەش تێچووی خۆیان هەیە. دانانی بانگەشە لەسەر ستوونی کارەبا لە نێوان 5 بۆ 10 هەزار دینارە بەپێی شوێنەکەی، بەڵام پردەکان وەک پردی جادرییە نرخەکانیان بەرزە و لەلایەن کۆمپانیاکانی رێکلامەوە بەکرێ دەدرێن، رێگە دەرەکییەکانیش بەخۆڕایین."
سەبارەت بەو قازانجەی وەک خاوەن چاپخانەیەک لە وەرزی هەڵبژاردندا دەیکات، نەبیل شەممەری روونیکردەوە: "پێشتر قازانجێکی باشمان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ پارتە سیاسییە گەورەکان و تەنانەت هەندێک لە کوتلە مامناوەندەکانیش چاپخانەیان کڕیوە، بەتایبەتی کە نرخی هەندێک چاپخانەی (فلێکس) لە 14 هەزار دۆلار تێناپەڕێت، بۆیە ئەم پارتانە تەنانەت لە وەرزی هەڵبژاردنیشدا کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین، رکابەریمان دەکەن و لە قازانجە کەمەکانمان بێبەشمان دەکەن."
موهەننەد دلێمی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (قمة الإبداع)، قسەکانی شەممەری پشتڕاست دەکاتەوە و روونیدەکاتەوە، "نرخی چاپکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان 3 بۆ 4 هەزار دینارە بۆ هەر مەترێک، نرخی چوارچێوەکردن و چەسپاندنیشی بۆ سەر دیوارەکان و باڵەخانەکانیشی دێتە سەر کە دەگاتە 25 هەزار دینار. بەڵام ئەگەر لە شەقامدا دابنرێت نرخەکەی 20 هەزار دینار دەبێت."
دلێمی، لە قسەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "ناتوانین لە هەر شوێنێک بانگەشە دابنێین، ئێمە پێشوەختە شوێنمان بەکرێ گرتووە بۆ دانانی بانگەشەکان، زۆربەی ئەم شوێنانەش رووکاری باڵەخانەکانن لە ناوچە جیاوازەکانی بەغدا." روونیکردەوە، "ئەم شوێنانە رووکاری باڵەخانەن و ئێمە لە خاوەن موڵکەکان بەکرێیان دەگرین. هەندێک ناوچەی کراوەی بەخۆڕایی هەن، بەڵام کەمن و لەبەرچاو نین. ئێمە بانگەشە لەسەر ستوونە کارەباییەکان هەڵناواسین چونکە موڵکی دەوڵەتن و ئەمەش پێچەوانەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنە، بەڵام هەندێک کەس پابەند نابن و رووبەڕووی لێپرسینەوە و غەرامەکردن دەبنەوە."
سەبارەت بە رووکاری باڵەخانە ناحکومییەکان، دلێمی گوتی: "هەندێک خاوەن باڵەخانە هەن کە وەک دیاری دەیدەنە پارتەکانیان یان هاوڕێ بەربژێرەکانیان و رێگەیان پێدەدەن بانگەشەی هەڵبژاردنی لێ دابنێن، ئەگەرنا ئەم رووکارانە بەکرێ دەدرێن، جا چ راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی ئەو کۆمپانیا رێکلامییانەی کە پێش دەستپێکردنی بانگەشەکان سەتان شوێنیان بەکرێ گرتووە."
لەسەر نرخی ناوچەکان، موهەننەد دلێمی ئاماژەی بەوەدا، "شوێنی پلە یەک هەن کە بە هەزاران دۆلار بەکرێ دەدرێن نەک بە دیناری عێراقی، بەتایبەتی لە شەقامی 14ی رەمەزان و مەنسوور. زۆربەی شوێنە باشەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی کوتلە گەورەکانی وەک: هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە، عەزم، تەقەدوم، دەوڵەتی یاسا، ئەساس، حەسم و بەدر، حیجز کراون."
دلێمی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە گەرەنتیی مانەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە دەکەین کە دایدەنێین تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردن."
پێش دەستپێکردنی بانگەشەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەشت رێکاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەرکردبوو کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت. رێکارەکان بریتی بوون لە: هەڵواسینی هیچ ریکلامێکی هەڵبژاردن لەسەر دیوارەکانی بەغدا بە بەکارهێنانی شیلە یان چەسپ، دانەنانی تابلۆی بانگەشەی بەربژێر و پارتە سیاسییەکان لەسەر هێماکانی هاتووچۆی رێگە گشتییەکان، دانەنانی تابلۆی بانگەشە لە باخچە گشتییەکان و دوورگەی ناوەندیی شەقام و شۆستەکان بە بەکارهێنانی چیمەنتۆ، هەروەها بەکارنەهێنانی دیوار و باڵەخانەی فەرمانگە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ، مزگەوت، حوسێنییە، شوێنە پیرۆزەکان، پردەکان، شوێنەوارەکان و پەیکەرەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ریکلامی پارت و بەربژێرەکان.
هەروەها رێکارەکان جەختیان لەوە کردبووەوە کە پێویستە کەرەستەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو مادانە بن کە دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاسانی لاببرێن.
کۆمیسیۆن جەختی کردبووەوە، لە ئەگەری دانانی بانگەشە بە شێوەیەکی پێچەوانەی ئەوەی سەرەوە، سەرپێچییەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە تۆمار دەکرێت و دەستبەجێ لادەبرێت، هەروەها سزای دارایی بەسەر بەربژێر و پارت و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکاندا دەسەپێنرێت بەپێی بڕیار و یاسا کارپێکراوەکانی شارەوانی.