لە سکاڵا تۆمارکراوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن هەولێر یەکەم و سلێمانی چوارەمە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی یەکەم راپۆرتی هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە تۆمارکردنی سکاڵاکانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان هەولێر یەکەم و سلێمانی چوارەمە؛ "لابردن و تێکدانی" کەرەستەکانی بانگەشە باوترین سەرپێچیی هەڵبژاردنە.
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکەم راپۆرتی خۆی لەبارەی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و گوتاری رق وکینە، تاوەکو رۆژی 15ی ئەم مانگە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ژمارەیەک سەرپێچیی جۆراوجۆر تۆمار کراون.
هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس، کە یەکێکە پێکهێنەرانی ئەو هاوپەیمانییە ئەمڕۆ دووشەممە 20-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو هەڵبژاردن تەواو دەبێت هەر 15 رۆژ جارێک هاوپەیمانییەکەیان راپۆرتێک بڵاودەکەنەوە، سەرەتای مانگی داهاتوو راپۆرتێکی دیکە و دوای هەڵبژاردنیش راپۆرتی سێیەمیان بڵاودەکەنەوە."
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لابردن یان تێکدانی کەرەستەی بانگەشەی لایەنەکانی دیکە بە رێژەی 40.8%ـی کۆی گشتیی سەرپێچییەکانە، باوترین جۆری سەرپێچی بووە.
لیستی سەرپێچییە تۆمارکراوەکان:
- لابردن، تێکدان یان دڕاندنی کەرەستەی بانگەشە: 126 (40.8%)
- بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان (ڕێگەوبان و ستوونی کارەبا): 85 (27.5%)
- بانگەشەی پێشوەختە: 48 (15.5%)
- بەکارهێنانی موڵکی گشتی (باڵەخانەی حکومی و ئۆتۆمبێل): 27 (8.7%)
- شێواندنی دیمەنی گشتی24 (7.8%)
- کڕینی دەنگ: 13 (4.2%)
- بەکارهێنانی هێمای ئایینی: 9 (2.9%)
- بەکارهێنانی هەژاری و خاوەن پێداویستیی تایبەت: 7 (2.3%)
- هەڕەشەکردن و هاندانی تووندوتیژی: 5 (1.6%)
- بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست: 5 (1.6%)
داتاکان دەریانخستووە دوای تێکدانی کەرەستەی بانگەشە، بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بە رێژەی 27.5% لە پلەی دووەمدا هاتووە. هەروەها بانگەشەی پێشوەختە و بەکارهێنانی موڵکی دەوڵەت بەشێکی بەرچاوی سەرپێچییەکانیان پێکهێناوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە زۆرترین سەرپێچی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، کە 57 سەرپێچییە، گوتاری نەشیاو، بەکارهێنانی سەرچاوەکانی حکومەت بۆ بانگەشە لە دیارترین سەرپێچییەکانە، لەوبارەوە هۆگر چەتۆ دەڵێ، راستە هەولێر لە تۆمارکردنی سکاڵاکان یەکەمە، بەڵام ئەمە مەرج نییە، رەنگە لە پارێزگاکانی دیکە سەرپێچی زۆر زیاتر کرابن، بەڵام نەکراونەتەوە سکاڵا و راپۆرت نەکراون، یان پرۆسەی سکاڵاکە تەواو نەبووە. "
هۆگر چەتۆ دەڵێ :"رەنگە لە راپۆرتی داهاتوودا ریزبەندییەکە بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
دوای هەولێر، ریزبەندی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
نەینەوا (53 سەرپێچی): دەستدرێژیکردنە سەر کەرەستەی بانگەشە، بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان و قۆرخکردنی دامەزراوە حکومی و ئایینییەکان بۆ بانگەشە لە دیارترین سکاڵاکانن.
بەسرە (50 سەرپێچی): سووتاندن و دڕاندنی پۆستەرەکان، بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان و بەکارهێنانی گوتاری کینەئامێز لە دیارترین سکاڵاکانن.
سلێمانی (28 سەرپێچی): بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان و بانگەشەی پێشوەختە لە دیارترین سکاڵاکانن.
ئەنبار (21 سەرپێچی): هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگ، تۆمەتی بێ بنەما و تەقەکردن لە پۆستەر و لافیتەکان لە دیارترین سکاڵاکانن.
کەرکووک (20 سەرپێچی): لابردن و دڕاندنی پۆستەری بەربژێرەکان و بەکارهێنانی گوتاری رەگەزپەرستانە لە دیارترین سکاڵاکانن.
میسان (14 سەرپێچی): دڕاندنی پۆستەرەکان، بەکارهێنانی موڵکی گشتی، هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگ و هاندان بۆ بایکۆت لە دیارترین سکاڵاکانن.
دهۆک (14 سەرپێچی): دەستدرێژیکردنە سەر کەرەستەی بانگەشەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و تێکدانی سیستەماتیکی پۆستەرەکانیان لە دیارترین سکاڵاکانن.
بەغدا (15 سەرپێچی): سەرپێچییەکان بریتی بوون لە بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان، وەکو رێگەوبان و شۆستەکان. هەروەها، رووداوێکی ئەمنیی مەترسیدار تۆمار کراوە، کە بریتی بوو لە تیرۆرکردنی بەربژێرێک بە بۆمبێکی چێندراو .
کەربەلا (10 سەرپێچی): دیارترین سەرپێچییەکان بریتی بوون لە بەکارهێنانی شۆستە، باخچە و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشە، لەگەڵ دڕاندنی پۆستەرەکان.
سەڵاحەدین (10 سەرپێچی): دیارترین سەرپێچی بریتی بوو لە بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان و موڵکی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
موسەننا (9 سەرپێچی): سەرپێچییەکان بریتین لە بەئەنقەست تێکدان و دڕاندنی پۆستەرەکان و بەکارهێنانی باڵەخانە حکومییەکان.
پارێزگاکانی دیکە (دیالە 5، واست 2، دیوانیە 1): سەرپێچییەکان جۆراوجۆر بوون و بریتی بوون لە دەستدرێژیکردنە سەر کەرەستەی بانگەشە، بانگەشەی پێشوەختە و بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان.