تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن گەیشتنە 400 تانە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی تانەکان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ 400 تانە زیادی کرد.
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەرگرتنی تانەکان تاوەکو کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، زیاتر لە 250 تانە لەسەر ئەنجامەکان پێشکێش کراون. بەمەش دەردەکەوێت تەنیا بەیانیی ئەمڕۆ 150 تانە پێشکەشی کۆمیسیۆن کراون.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، دوای وردبینیی کۆمیسیۆن لە ماوەی حەوت رۆژی دەوامکردن، تانەکان ئاراستەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەکرێن و "دەستەکە دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا سەرجەم تانەکان یەکلایی بکاتەوە."
لە قۆناخی کۆتاییدا و دوای بڕیاری دەستەی دادوەری، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی فەرمی و ناوی بەربژێرە دەرچووەکان ئاراستەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکات، بەمەبەستی پەسندکردنی کۆتایی.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی 09-11-2025 بە دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد و رۆژی 11-11-2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو؛ رۆژی 17ـی ئەم مانگەش کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکەی راگەیاند.