یونیسێف: لە عێراق قەیرانی ئاو هەڕەشە لە داهاتووی ملیۆنان منداڵ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسى یونیسێف لە عێراق "زەنگى مەترسی"  لەبارەى  قەیرانى ئاو لێدەدەکات کە بەهۆیەوە ملیۆنان منداڵ لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات کە یەدەگى ئاو لە عێراق بۆ چوار ملیار پێ سێجا کەم بووەتەوە کە کەمترین ئاستیەتى لە 80 ساڵى رابردوودا.
 
20ی تشرینی دووەمی 2025، ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) لە عێراق راگەیێنراوێکى لەبارەی منداڵان و داهاتوویان لە عێراق بڵاوکردەوە.
 
یونیسێف دەڵێت: "زەنگی مەترسیی لێدەدەین لەبارەی قەیرانی ئاو لە عێراق کە ملیۆنان منداڵ لە مافە بنەڕەتییەکان بێبەش دەکات و هەڕەشە لە داهاتوویان دەکات، لەکاتێکدا عێراق رووبەڕووی تووندترین قەیرانی ئاو دەبێتەوە لە مێژووی نوێیدا، لەگەڵ دابەزینی ئاستی یەدەگی ئاوەکەی بۆ چوار ملیار مەتر سێجا کە کەمترین ئاستە لە 80 ساڵی رابردوودا."
 
دەشڵێت: "ئەگەر رێکار نەگیرێتەبەر منداڵان باجەکەی دەدەن و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت."
 
قەیرانی ئاو، پەیوەنددارە بە گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی باران و کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات کە بەراورد بە 5 ساڵ لەمەوبەر 70%  کەمبووە.
 
کریستیان سکۆچ، نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاند: "هەر منداڵێکی عێراقی مافی بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە و گەشەکردن و ژینگەیەکی پاک و تەندروستی هەیە. بەبێ گەرەنتیکردنی ئاو، منداڵان ناتوانن پارێزگاری لە تەندروستییان بکەن و  بخوێنن و تەواوی تواناكانیان بەدەستبهێنن."
 
یونیسێف ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لە عێراق پارێزگاری لە ئاو نەکرێت، "سبەی شکست دەهێنین لە پاراستنی منداڵ و گەنجان."
 
لە راگەیێنراوەکەی یونیسێف دا هاتووە: "ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عێراقییەکان قەیرانی ئاو بووە بە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان، لە کۆمەڵە خۆجێییەکان بێت یان لە سەرانسەری وڵات رۆژانە چەند کاژێرێک ئاویان پێدەگات، هەندێک جاریش چەند رۆژێک لە هەفتەیەکدا ئاویان پێدەگات، کاتێک بەلوعەکان وشک دەبنەوە، خێزانەکان ناچار دەبن پشت بە ئاوی گرانبەها ببەستن کە لەڕێگەی تەنکەرەوە یانت گواستنەوەى تایبەتەوە پێیان دەگات، کە زۆرجار ئەوەش مسۆگەر نییە".
 
نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین گەنجی تێدایە و ئەوە گرنگترین سەرمایەیەتی. بە هاوکاری حکومەتی عێراق گرنگترین پێنج کاری لە پێشینەی خێرا لەبارەی منداڵ دەکەین کە لە چارەسەری کەمیی ئاو و مەترسیی ژینگەوە دەست پێدەکات.