سوودانی و مالیکی دوو ناوی دیارن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دانوساندنەکان، کاراکران. تاوەکو ئێستا شەش ناو وەرگیراون لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی هەن.
موعین کازمی، ئەندامی رێکخراوی بەدر دەڵێت: "زیاتر لە شەش ناو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەش کراون کە خواست و ئامادەییان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. سوودانی حەزی هەیە، پێموایە ئێستا چانسی کەمە. مالیکیش حەزی هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. هەرچەندە رانەگەیێندراوە. ناوی دیکەش هەیە لە راگەیاندنەکان باسنەکراون".
کاری لیژنەی دووەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دانوستاندنە لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکانی کورد و سوننە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین متمانە بە حکومەتی داهاتوو.
رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان سەرکەوتووبێت، بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز بێت، هەروەها کاری چوارچێوەیە کارێکی شایستە بکات بۆ ئەم قۆناخە گونجاو بێت. پێموایە ئاڵنگاری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە."
یەکێک لە مەرجەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ئەو کەسەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێدەدرێت، نابێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستی تایبەت بەخۆی هەبێت.
ئەوەی ئەم پۆستەی پێدەدرێت لە نەتەوەی کورد نییە، بەڵام رەزامەندی و متمانەی کورد دەبێتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کابینەی داهاتوو، کورد دەیەوێت ئەو کەسەی کە نیازیەتی ئەم پۆستە وەربگرێت لەپێشدا دانوستاندنی لەگەڵ بکات و پێی بڵێت 'ئەوەی زۆرترین داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکات، لە پەرلەمان دەنگ و متمانەی ئێمەی پێدەدرێت.'