راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە 170.9 تۆن
رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی مانگێکدا یەدەگی زێڕی عێراق زیاتر لە حەوت تۆن و لە ساڵێکیشدا زیاتر لە 18 تۆن زیادی کردووە؛ راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، یەدەگی زێڕی عێراق بۆ 170.9 تۆن بەرزبووەتەوە و لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی 29ـەمین دێت.
موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەدەگی دراوی عێراق لە دەوروبەری 100 ملیار دۆلاردایە."
زۆرترین بڕی دراوە یەدەگەکانی عێراق بریتییە لە دۆلار، یۆرۆ، یەنی ژاپۆنی، یوانی چینی و پاوەند.
سەبارەت بە بڕی یەدەگی زێڕیش، موزهەر محەممەد ساڵح گوتی: "لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا، یەدەگی زێڕ گەیشتووەتە 170.9 تۆن، کە دەکاتە رێژەی 21.6٪ـی کۆی گشتیی یەدەگەکانی دیکە."
بەگوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، عێراق ئێستا لە یەدەگی زێڕدا لە ریزبەندی 29ـیەمین وڵاتی جیهاندایە. لەسەر ئاستی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیش، عێراق لە پلەی چوارەم دێت و هەریەک لە سعودیە، لوبنان و جەزائیر لە ریزبەندییەکەدا لە پێش عێراقەوە دەبینرێن.
رۆژی 04-10-2025 راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، یەدەگی زێڕی عێراق 163 تۆنی تێپەڕاندووە. لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـەوە بەهای ئەو یەدەگە بە رێژەی 4.76% بەرزبووەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوودا یەدەگی زێڕ 152.6 تۆن بوو.