لە عێراق 74 باند بە 'قەرزی ئاسان و دۆلاری هەرزان' هاووڵاتییانیان خەڵەتاندووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 74 باندی فێڵی دارایی ئەلیکترۆنی لە ماوەی ئەم ساڵدا راگەیاند و دەڵێت، ئەو باندانە لە رێگەی بانگەشەی پێدانی "قەرزی ئاسان" و "فرۆشتنی دۆلاری هەرزان"ـەوە، پارە و زانیاریی بانکیی هاووڵاتییانییان دزیوە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 20-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فێڵبازەکان لە رێگەی پەیج و ماڵپەڕی ساختەوە بە ناوی بانکەکانەوە بانگەشە بۆ پێدانی قەرز و دەرفەتی وەبەرهێنانی وەهمی دەکەن و بەم رێگەیە پارە و زانیاریی بانکیی هاووڵاتییان دەدزن."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "تۆمەتبارەکان لە رێگەی رێکلامی سەرنجڕاکێشەوە وەک پێدانی قەرزی ئاسان و فرۆشتنی دۆلار بە نرخی کەمتر لە بازاڕ، قوربانییەکان بۆ ماڵپەڕی ساختە رادەکێشن و دواتر داوای زانیاریی کەسی و بانکییان لێدەکەن."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، هەندێک لەو باندانە پەیوەندییان بە کەسانی دیکەوە هەیە لە دەرەوەی وڵات.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، وریا بن و بۆ پاراستنی خۆیان لەم جۆرە فێڵانە، پێش هەر مامەڵەیەک، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لە ناسنامەی هەر لایەنێکی دارایی دڵنیاببنەوە. هەروەها زانیاریی هەستیاری وەک ژمارەی نهێنی و زانیاریی کارتی بانکی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ هیچ کەس و لایەنێک نەنێرن.
هاوکات، گوتەبێژەکەی ئاسایشی نیشتمانی هۆشداریی لەبارەی مەترسیی "ساختەکاریی قووڵ" (Deepfake) دا و رایگەیاند: "ئەو تەکنەلۆژیایە ژیریی دەستکرد بۆ گۆڕینی دەنگ و وێنە بەکاردەهێنێت بە ئامانجی چەواشەکاری و فێڵکردن."
لەبارەی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، ئەرشەد حاکم گوتی: "لە رێگەی وێبسایتی فەرمیی دەزگاکەمانەوە، رۆبۆتی وەڵامدانەوەی خێرامان داناوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هەر پرسیارێکیان هەبێت، راستەوخۆ وەڵام وەربگرنەوە."