لە عێراق داواکاری بۆ وەرگرتن لە کۆلێژی پۆلیس دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرگای پێشکێشکردنی بۆ خولی 56ـی کۆلیژی پۆلیس کردەوە؛ ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام ناوچەکانی مادەی 140 دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن".
پێنجشەممە، 20-11-2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمی دەرگای پێشکێشکردنی بۆ خولی 56ـی ئەفسەری لە کۆلیژی پۆلیس کردەوە. ماوەی پێشکێشکردنەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو 30ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت؛ مەرجیشە پێشکێشکار لە رەگەزی نێر بێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم پێشکێشکردنە بۆ ئەفسەری پۆلیسە و دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) ناگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کۆلیژی پۆلیسی تایبەت هەیە."
لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەگڤان سندی گوتی: "پێشکێشکردنەکە دانیشتووانی ناوچەکانی مادەی 140 دەگرێتەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن."
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ کۆلیژە سەربازییەکانی عێراق داواکاری پێشکێش بکەن.