مۆڵەتى قوتابخانە و پەیمانگە ئەهلییەکان لە عێراق رادەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکان، وەزارەتى پەروەردەى عێراق مۆڵەتى کردنەوەى سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە ئەهلییەکانى راگرت. گوتەبێژى وەزارەتەکەش دەڵێت: "پێداچوونەوە بە مۆڵەتەکان ئەو قوتابخانە و پەیمانگەیانەش دەگرێتەوە کە پێشتر مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام تاوەکو دەرکەوتنى ئەنجامەکانى راناگیرێن".
 
رۆژی 20ى کانوونى یەکەمی 2022، کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بە فەرمانى وەزیرى پەروەردە بڕیاردراوە سەرجەم مۆڵەتەکانى کردنەوەى قوتابخانە و پەیمانگە ئەهلییەکان لە عێراق رابگیرێن، ئەوەش بە مەبەستى پێداچوونەوە بە ئامانجى زانینى ئاستى هاوتابوونى لەگەڵ مەرج و رێنماییەکانى وەزارەت و ئاستى زانستییان."
 
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە 19ى کانوونى یەکەمى 2022 کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
رۆژی 19ى کانوونى یەکەم، نامس جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق لە تویتێکدا نووسی: "جگە لە راگرتنى مۆڵەتى نوێ، سەرجەم ئەو مۆڵەتانەش هەڵدەپەسێردرێت کە لە چەند مانگى رابردوو دراون و ئەو بڕیارە خوێندنگە ئەهلییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیش دەگرێتەوە".
 
گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئاماژەى بەوەدا، مەبەست لەو هەڵپەساردنە ئەو مۆڵەتانەن کە لەماوەى چەند مانگى رابردوودا دراون، بەڵام قوتابخانە و پەیمانگەکان نەکراونەتەوە. گوتیشى: "پێداچوونەوە بە گرێبەستى ئەو قوتابخانە و پەیمانگەیانەش دەکرێت کە پێشتر دراون و ئێستا کراوەن، بەڵام داناخرێن تاوەکو ئەوکاتەى پێداچوونەوەکە دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت دەگونجێن لەڕووى یاساییەوە".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانە و پەیمانگەى ئەهلى لە عێراق هەن.