گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا راگیران


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا راگیران.

جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و چڕیی تەمەوە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا راگیران. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گوتی، هەر کاتێک کەشوهەوا ئاسایی بووەوە و تەمەکە نەما، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستپێدەکەنەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەمێکی چڕ بەشێک لە ناوچەکانی عێراقی گرتەوە و مەودای بینی زۆر کەمکردەوە؛ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق داوای لە شوفێران کرد خێرایی کەم بکەنەوە و زیاتر لە کاتی شۆفێرییدا هۆشیاربن بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراو روونەدات.