چوار پارێزگاری عێراقی زۆرترین دەنگی پارێزگاکانیان بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
لیستى چوار پارێزگارى عێراق، یەکەمى پارێزگاکانیانن و سیانیان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە لەسەر ئاستى عێراق، دووان لەو لیستانە بە تەنیا لە شارەکانیان دەتوانن حکومەتى خۆجێیی پێکبهێنن.
پارێزگاری بەسرە یەکەمی بێ رکابەرە
بەگوێرەى ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە سنوورى پارێزگاى بەسرە، لیستى تەسمیم 266 هەزار و 999 دەنگى بەدەستهێناوە و لە ریزبەندى یەکەمى دەنگى پارێزگاکەیە، کە لەلایەن ئەسعەد عێدانی، پارێزگارى بەسرەوە سەرۆکایەتى دەکرێت کە خۆشی بەربژێر بووە و یەکەم دەنگى لەسەر ئاستى عێراق بەدەستهێناوە، کە 156 هەزار و 470 دەنگ بووە.
لە کۆى 23 کورسیەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە هاوپەیمانیى تەسمیم 12 کورسی بەدەستهێناوە، کە بەگوێرەى یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا دەتوانێت بەتەنیا حکومەتى خۆجێیی پێکبهێنێت.
کەربەلا، پارێزگار و لیستەکەى زۆرینەن
لە سنوورى پارێزگاى کەربەلاى زۆرینە شیعە، لیستى هاوپەیمانى ئیبداعی کەربەلا پلەی یەکەمى بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، کە 99 هەزار و 166 دەنگى بەدەستهێناوە.
نسەیف خیتابی، پارێزگارى کەربەلا کە بەربژێرى لیستى ئیبداعی کەربەلایە 57 هەزار و 372 دەنگی بەدەستهێناوە، لەدوای پارێزگاری بەسرە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەربەلا لە 13 کورسی پێکهاتووە، لیستى ئیبدارعی کەربەلا حەوت کورسی بەدەستهێناوە، بەوپێیە بەتەنیا دەتوانێت حکومەتى خۆجێی پێکبھێن.
پارێزگاری دیالە لیستى شیعەکانى کردە یەکەم
لە سنوورى پارێزگاى دیالە، موسەنا تەمیمى پارێزگارى ئێستاى شارەکە، سەرۆکایەتى لیستى دیالەتونا وەتەنیى شیعەکانى کرد، کە 97 هەزار و 185 دەنگى بەدەستهێناوە.
لەو دەنگانە موسەنا تەممیم 38 هەزار و 500 دەنگى بەدەستهێناوە کە چوارەم زۆرترین دەنگى بەربژێرەکانە لەسەر ئاستی عێراق.
لە واست لیستی پارێزگار یەکەم بوو
لیستى هاوپەیمانیى واست ئەجمەل لە پارێزگاى واست زۆرینەى دەنگەکانى پارێزگاکەى بەدەستهێنا، کە 93 هەزار و 837 دەنگ بوو.
لیستەکە لەلایەن محەممە مەیاحى، پارێزگارى واست دروستکراوە، خۆى بەربژێر بووە لە لیستەکەدا و زۆرترین دەنگى پارێزگاکەى بەدەستهێناوە، کە 37 هەزار و 329 دەنگ بوو.
لیستى واست ئەجمەل حەوت کورسی پارێزگاکەى بەدەستهێناوە کە دەکاتە نیوى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکە.
بەربژێرێکی یەکێتی نەیهێشت پارێزگاری کەرکووک یەکەم بێت
لە کەرکووکیش، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، سەرۆکایەتیی لیستێکی عەرەبی دەکرد، بە ناوی هاوپەیمانیی عەرەبی یەکگرتوو، کە لیستەکەی 98,172 دەنگی بەدەستهێنا و راکان جبووریش 36617 دەنگ، بەڵام نەشئەت شاهوێز خورشید، کە بەربژێری یەکێتی بوو، زۆرترین دەنگی هێنا لە کەرکووک، کە 37971 دەنگ بوو.