چوارچێوەى هاوئاهەنگى یەک فراکسیۆن لە سەرجەم پارێزگاکان دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
 هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بڕیاریدا یەک فراکسیۆن لە لیستە جیاوازەکانى لە سەرجەم پارێزگاکان دروست بکات، ئەویش بەمەبەستى خێراکردن لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی لەو پارێزگایانە.
 
رۆژی 20ى کانوونى یەکەمى 2023، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوە و تاوتوێى پرسی پێکھێنانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و هەڵبژاردنى پارێزگارانى نوێی کرد.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەشدارانى کۆبوونەوەکە بڕیاریانداوە فراکسیۆنێکى هاوبەش لە نێوانیان لەسەرجەم پارێزگاکان دروست بکەن، بەمەبەستى خێراکردنى پرۆسەى پێکھێنانى ئەنجوومەنە خۆجێیەکان.
 
هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن، لە 10 پارێزگاى زۆرینە شیعە بە سێ لیستی جیاواز بەشداربوون، کە پێکهاتبوون لە هاوپەیمانیى نەبنى نزیک لە حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح. هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا، بە سەرۆکایەتیى نوورى مالیکى، هەروەها هاوپەیمانى قیوەى دەوڵەى وەتەنى بە بەشدارى حەیدەر عەبادى سەرۆکى هاوپەیمانى نەسر و عەمار حەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمە.
 
لەو 10 پارێزگایەى زۆرینە شیعەن، لایەنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە حەوت پارێزگایاندا زۆرینەن.
 
رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە کە لە 15 پارێزگادا کرا.
 
 هاوپەیمانى نەبنى زۆرترین دەنگەکانى لەسەر ئاستى عێراق بەدەستهێناوە و زیاتر لە 43 کوورسی مسۆگەر کردووە، هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بە پلەى دووەم دێت، کە 35 کورسی مسۆگەر کردووە، هەرچی هاوپەیمانیی قوە دەولەی وەتەنی لە پلەی سێیەم دێت و 23 کورسی بەدەستهێناوە.