واسق بەتات لە لایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێ، واسق بەتات، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای عێراق و سەرکردەی گرووپی چەکداری (سوپای موختار)ی دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەکە، "ئاسایشی حەشدی شەعبی، واسق بەتاتی بە تۆمەتی بێڕێزیکردن و سوکایەتیکردن بە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی دەستگیرکردووە."
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیرکردنەکە "لەسەر بنەمای فەرمانێکی فەرمیی دەستگیرکردن بووە کە لەلایەن دادگەی تایبەتمەندەوە دەرچووە."
وێنەیەکی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی واسق بەتات کە رۆژی 17-12-2025 دەرچووە، دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
بەگوێرەی فەرمانەکە، کەسی دەستگیرکراو ناوی تەواوی واسق جەعفەر شاوی بەتاتە، لەدایکبووی 1973ـە، شوێنی نیشتەجێبوونی گەڕەکی جیهادە لە پارێزگای میسان و سکاڵاکاریش داواکاری گشتییە؛ جۆری تۆمەتەکەشی سووکایەتیکردنە بە حەشدی شەعبی و فەرمانەکەش بەگوێرەی مادەی226ی یاسای سزادانی عێراقییە.
واسق بەتات، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای عێراق سەرکردەی گرووپی (سوپای موختار) و پیاوێکی ئایینیی شیعەیە، دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی کوفە و بە گوتەی خۆی، لە کۆلێژی سەربازیی تاران خوێندوویەتی.
بەتات لە 21ی تشرینی دووەمی 2013 بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر بنکە سنوورییەکانی سعودیەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، گرووپەکەی ناوەندی (ئۆجاع)ی پێکاوە کە 40 کیلۆمەتر لە شاری حەفەر باتنەوە دوورە.
بەتات چەندین جار هەڕەشەی لە کورد، سعودیە و کوێت کردووە.