کۆمیسیۆن ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد؛ 8 بەربژێری سەرکەتوو گۆڕدران

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد. ئەندامێکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆن دەڵێت:"ئەنجامەکان دەنێرین بۆ پارێزگاکان".    
 
رۆژی یەکشەممە، 21ى کانوونى دووەمى 2024، محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد و بەم هەنگاوە کارى کۆمیسیۆن لەبارەى ئەو هەڵبژاردنەوە کۆتاییهات."
 
محەممەد یونس گوتی: "ئەنجامى پەسندکراوى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان رەوانەى ئەو پارێزگایانە کراوە کە هەڵبژاردنیان تێدا کراوە بۆ ئەوەى رێوشوێنەکان بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا و هەڵبژاردنى پارێزگار بگرنەبەر".
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى بڕیارەکانى دەستەى دادوەرى لەسەر تانەکان، هەشت بەربژێر کە لە ئەنجامى کۆتایی سەرکەوتوو بوون، گۆڕدران بە بەربژێرى دیکە کە زۆینەیان کۆتای ژنان بوون."
 
پەسنکردنی ئەنجامەکان دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2024، دەستەى دادوەریی تایبەت بە تانەى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەموو تانەکانى یەکلایی کردەوە کە 338 تانە بوون.   
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا.
 
رۆژی 28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى راگەیاند و دەستى کرد بە وەگرتنى تانە، دواتر رەوانەى دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆنی کرد بۆ تاوتوێکردنیان تاوەکو 18ى کانوونى دووەم ئەنجامى سەرجەم تانەکان گەڕێندرانەوە بۆ کۆمیسیۆن.