سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران: پێویستە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان یەکلابکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق بە پێویستیان زانى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بە گوێرەى دەستوور و یاسا چارەسەربکرێن و پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان یەکلابکرێتەوە، بەشێوەیەک کە سەرچاوەى بژێویى ژیانیان گەرەنتى بکات.
21ـی کانوونى دووەمى 2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق پێشوازى لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کرد و بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا بەپێوستیان زانیوە کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی یاسا و دەستوور کۆتایی پێبهێندرێت، پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان یەکلا بکرێتەوە، بەشێوەیەک کە قووت و سەرچاوەى بژێوییان گەرەنتی بکات.
14ـی کانوونى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024.
ئەو بڕیارەى بەغدا لەدواى ئەوە بوو کە لە رۆژانى 13 و 14ـی کانوونى دووەم نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغداى کرد، دوو جار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و 17 کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی خاوەن ئەندام لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.
رۆژی 14-1-2024 و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رێکخست و لە بەشێکیدا گوتی، لە دیدارەکانیدا دوو بابەتی سەرەکی زیاتر گەنگەشە کردووە؛ "یەکەمیان پرسی قووتی خەڵکی کوردستان بووە کە بە بۆچوونی ئێمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە. ئێستا پێویستە لە بابەتی مووچەدا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ هەموو پارێزگەکانی عێراق دەکرێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیە بێت. ناکرێت بابەتی مووچە بکرێتە بابەتێکی سیاسی یان کارتێکی گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران باسیان لەو پێشێلکارییانە کردووە کە کراونەتە سەر خاکى عێراق، "وەک پێشێلکردنى سەروەریی عێراق و گرفت دروستکردن بۆ سەقامگیریى و دروستکردنى مەترسی بۆ سەر سەلامەتى هاووڵاتییان."