فوئاد حوسێن و جۆشوا هاریس دۆسیەی داعشە زیندانییەکان و ئاگربەستی سووریا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق قسەیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنیان تاوتوێ کرد.
رۆژی چوارشەممە 21-01-2026 میدیای فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پێویستیی پابەندبوون بە ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو رێکارێکی پێویست بگیرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی زیندانەکان و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش."
هەردوولا دووپاتیان کردەوە، بەردەوامیی هاوکارییە هاوبەشەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کارێکی پێویست و هەنووکەییە.
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان چووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار. شەوی سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی سووریا و هەسەدە لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن.
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، بەرەبەیانی چوارشەممە 21-01-2026، دوو تەقینەوە قامیشلۆیان هەژاند. هەسەدە رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ هێرشی درۆن بۆ سەر بنکەیەکی ئاسایش لە گەڕەکی عویجە، خۆکوژێک ماتۆڕسکیلێکەوە خۆی لە ناو گەراجی نەخۆشخانەی دڵ و چاو تەقاندووەتەوە.