نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق: گەندەڵی نەخۆشییەکەیە و میلیشیاکان نیشانەن

 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت عێراق چاکبکرێتەوە، دەبێت سەرەتا و بە یەکلاکەرەوەیی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، چونکە بە بڕوای ئەو "میلیشیاکان نیشانەن، بەڵام گەندەڵی نەخۆشییەکەیە."
 
رۆژی چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026 مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و هەژموونی گرووپە چەکدارەکان رایگەیاند، "بە وردی دەزانم چۆن پارەی نایاسایی ئاودیو دەکرێت. ئەمە تەنیا لە رێگەی گەورە بەرپرسانەوە نییە، بەڵکو گرنگتر لەوە، لە رێگەی چینەکانی خوارەوەی وەک: ئەندامانی خێزان، هاوڕێیان، پاسەوانان، شۆفێران و نێوەندگیرەکانەوە دەگوازرێتەوە."
 
بە گوتەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ئەو شێوازەی گواستنەوەی پارە "پارێزبەندی و خۆدزینەوە و نکۆڵیکردن" دروستدەکات، لە هەمان کاتدا سیستمەکەش بە تەواوی بە کارایی دەهێڵێتەوە.
 
ساڤایا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە تۆڕێکی زۆر ئاڵۆزە و بە مەبەست دروستکراوە، کە زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکە، "سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی رێساکان، چوارچێوەکانی پابەندبوون و میکانیزمەکانی وردبینیی نێودەوڵەتی. لە رێگەی ئەم سیستمەوە، گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لەڕووی داراییەوە بەهێز کراون، پارێزراون و بەردەوامییان پێدراوە."
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخەکەش، مارک ساڤایا جەختی لەوە کردەوە کە هەر هەوڵێکی جددی بۆ سەقامگیرکردنی عێراق، گەڕاندنەوەی سەروەری و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان، دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە گەندەڵییانە دەستپێبکات کە پارەداریان دەکەن و دەڵێت، "دەبێت سەرچاوەکانی پارەی زەبەلاحی گەندەڵی وەکو مووچەی ساختە (بندیوار)، قەرزی ساختە و سامانی وەهمی رابگیرێن؛ بەبێ ئەوە، هەموو هەوڵێکی دیکە شکست دەهێنێت."