دادگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی: بەرپرسێکی مەترسیداری مەفرەزەکانی داعش دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی مەفرەزەکانی داعشی راگەیاند، کە نازناوەکەی "ئەبو هاجر"ە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی دەستگیر کراوە.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 بڵاویکردەوە، "تیرۆرست مەحموود حەسەن مەجید خەمیس جبووری، ناسراو بە (ئەبو هاجر)، کە بەرپرسی مەفرەزەکانی داعش بووە لە بیابانی موسڵ و سووریا، بە هاوئاهەنگی لەنێوان دادگەی لێکۆڵینەوەی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی حەشدی شەعبی دەستگیرکرا."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەو تیرۆرستە بە یەکێک لە دیارترین و ترسناکترین سەرکردە مەیدانییەکانی رێکخراوەکە دادەنرێت، هەروەها سەرپەرشتیی پلاندانان و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆرستییەکانی کردووە، لەگەڵ رێکخستنی جموجۆڵی شانە نووستووەکان لەو ناوچانەدا."
 
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە لە سنوورەکاندا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دزەکردنێک لە سنوورەکان و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان لە هەموو بوارەکانیش هەیە."
 
عێراق و هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، کە بەم شێوەیە:
 
ئێران: 1420 کیلۆمەتر
 
سووریا: 618 کیلۆمەتر
 
تورکیا: 335 کیلۆمەتر
 
حکومەتی عێراق، بۆ رێگری لە هەر "پێشێلکارییەک و دزەکردنی چەکداری"، تاوەکو ئێستا نزیکەی 350 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی لە سنووری سووریا دروستکردووە، ژمارەی هێزەکانیان لە سنووری عێراق و سووریا زیاد کردووە و چەند یەکەیەکیان لە ژمارەیەک خاڵی سنووریی هەستیار جێگیر کردووە.