وردبینی لە تانەی بەربژێرە دوورخراوەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی وردبینی لە تانەی بەربژێرە دوورخراوەکان بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق دەستپێدەکات و دادگە سێ رۆژی لەبەردەمە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، دادگەکە ئەمڕۆ یان سبەی تانەکان یەکلایی بکاتەوە.
 
سەباح باوی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەربژێرە دوورخراوەکان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەیان داوە، نەوەک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، بۆیە بابەتەکە لە دادگەکەیە.
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، چوارشەممەی رابردوو 14ی کانوونی دووەمی 2026، ناوی 15 بەربژێری پەسندکراوی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بڵاوکردەوە، لەنێو 81 کەس کە داواکاریی بەربژێربوونیان پێشکێش کردبوو.
 
بەگوێرەی رێکارەکان، ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە سێ رۆژیان لەبەردەست بوو بۆ پێشکێشکردنی تانە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بارەی بڕیاری دوورخستنەوەیان. رۆژی پێنجشەممە لە عێراق پشوو، دواتر هەینی و شەممەشی بەسەرداهات، بۆیە پرۆسەی  پێشکێشکردنی تانەدان لە رۆژی یەکشەممەوە تاوەکو سێشەممە 20ی مانگی خایاند.
 
بەرێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "ماوەی  بڕیاردان لەسەر تانەکان سێ رۆژی دەوامکردنە، بۆیە تاوەکو رۆژی یەکشەممە دەرفەتە، چونکە چوارشەممە و پێنجشەممە دەوامە و دواتر پشووی رۆژانی هەینی و شەممەی تێدەکەوێ، بەڵام پێشبینی دەکەم دادگەی فیدراڵی ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە تانەکان یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات."
 
سەباح باوی گوتی، "ئەگەر هەر تانە و ناوێک پەسندکرا، ئەوا ناوی بەربژێرەکە زیاد دەکرێ و دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دوایین لیستی  ناوی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت."
 
یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025 کرا. سەبارەت بە  دوایین کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "دەبێ لە 30 رۆژ دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ". 
 
بەگوێرەی مادەی 70ی دەستوور، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێ. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێ کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
 
پۆستی سەرۆکۆمار پشکی کوردە. تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێنکەوتوون. پارتی هەریەک لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی و یەکێتیش نزار ئامێدی بەربژێر کردووە.