سوودانی سەردانی سنووری عێراق و سووریای کرد
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەیشتە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، سەردانەکەی دوای چەند رۆژێک دێت لە وەرگرتنەوەی تەواوەتیی بنکەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، رایگەیاند، سەردانەکە وەک دەستپێکی گەشتێکی مەیدانییە بۆ ئاگاداربوون لە ئامادەیی ئەو یەکە سەربازییانەی سنووری عێراق و سووریایان کۆنترۆڵ کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی ئاگاداری ئاستی ئامادەیی یەکەکان بووە و فڕینی 4 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16ی بینیوە، کە وەک راهێنانێکی سەربازی بۆ چاودێری و پشکنین بووە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سنوورەکانمان سەد لە سەد پارێزراوە و هیچ چەکدارێک ناتوانێت بپەڕێتەوە ناو خاکی عێراق، چونکە بە کامێرا، پاسەوان و دیوار تۆکمە کراوە."
چەند رۆژێک لەمەوبەر، هێزە چەکدارەکانی عێراق بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 2024ی نێوان عێراق و ئەمریکا، بنکەکەیان بە تەواوی لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەرگرتەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق جێگیر کران.