لە بابل و نەجەف هێرشکرایە سەر عەسائیبی ئەهلی حەق

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بابل بە ئاڕپیجی هێرشکرایە سەر بارەگایەکی عەسائیبی ئەهلی حەق. لە نەجەفیش بە نارنجۆک بارەگایەکیان کراوەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانییان نەبووە.
 
ئەو هێرشانە دوای ئەوە دێت، رۆژی 18ی شوباتی 2024، ئەیسەر خەفاجی، چالاکڤانی رەوتی سەدر رفێنرا، بۆ رۆژی دواتر تەرکەمەی لە رێگەی خێرای ناوچە جەبلە لە بابل دۆزرایەوە.
 
 کەسوکاری حەفاجی مۆڵەتی 24 کاژێریان دایە حکومەتی خۆجێیی و پۆلیسی بابل، تاوەکو بکوژرانی بدۆزنەوە، ئەگەرنا هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی عەسائیبی ئەهلی حەق.
 
 دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئاڕپیجی هێرشکراوەتە سەر نووسینگەی دەستەی حەشدی شەعبی لە بابل کە بارەگای عەسائیبە، هەروەها بارەگایەکی دیکەی عەسائیب لە گەڕەکی سەلامی شاری نەجەف بە نارنجۆک هێرشی کراوەتەسەر. 
 
 تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان رانەگەیاندووە. 
 
لەوبارەوە، لوئەی زاملی، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگای بابل لە دەستەی حەشدی شەعبی، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە شوێنی رووداوەکەی بابل دەردەکەوێت و دەڵێت، "رووداوێکی ئاساییە، دەستەی حەشدی شەعبی بە ئاڕپیجی هێرشیکراوەتە سەر، بە دڵنییاوە رفتارێکی تاکە کەسییە، نوێنەرایەتی هیچ لایەنێک ناکات".
 
لوئەی زاملی دەشڵێت، "هەموو برایانی پارێزگاکە بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ کردووین، بە برایانی سەرایا سەلامیشەوە، کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە". 
 
بە گوتەی زاملی "ئەم رووداوە دوورە لە هەمووان، پەیوەندییەکی باش لە نێوان دەستەی حەشدی شەعبی هەیە بە برایانی سەرایا سەلامیشەوە، رۆژانە پەیوەندیمان لەگەڵ برایانی سەرایا سەلام هەیە، هەموو ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێن دوورن لە راستییەوە".