سێ هەزار گامێش کەرەنتین کراون؛ نەخۆشیی تەبەق لەنێو گامێشەکانی عێراق بڵاوبووەتەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نەخۆشیی تەبەق بەربووەتە گیانی گامێشەکانی عێراق و رۆژانە دەیان گامێش بەهۆیەوە مردار دەبنەوە. تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 گامێش مردار بوونەتەوە و سێ هەزار گامێشیش کەرەنتین کراون.
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، هاواری ئاژەڵدارێکی گوندەواری بەغدایە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە کۆی 50 سەر گامێش سێیانی بەزیندوویی بۆ ماونەتەوە.
 
خالید وەزیر، ئاژەڵدارە و دەڵێت: "داوا لە سەید عەلی سیستان و سەید موقتەدا باوکی هاشم دەکەم حاڵمان ببینن نەخۆشمان  کەمئەنداممان هەیە ئاژەڵمان نەما خێزانەکان چۆڵیانکرد ، لە کوێبێنین، ئاژەڵەکانمان بەدبەخت بوون." 
 
ساەندبایت جوبرایل عەدنان ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێت: "تەنیا لە ماڵی من پێنج دانە مردار بوونەتەوە، هەموو ئەو خەڵکە ئاژەڵی لێ مردار بووەتەوە. ئاژەڵمان نەما. کێ بەرپرسە لەم تاوانە؟ خاوەنی ئەو کۆمپانیایە ئەو بوو ئاژەڵی هێنا و لەم ناوچەیەی دانا و نەخۆشییەکە بڵاوبوویەوە."
 
تەنیا لەم هەفتەیە دا بەهۆی نەخۆشیی تەبەق نزیکەی 700 گامێش مردار بوونەتەوە. بۆ رێگریکردن لەتەشەنەکردنی نەخۆشییەکە، سێ هەزار گامێش کەرەنتین کراون، تا لە تەندروستییان دڵنیا دەبنەوە. 
 
دکتۆر مەهدی جبوری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت: "رێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دابەشکردنی ڤاکسین و دەرمانە بەسەر بەخێوکاران بەخۆڕایی، ئەمەش سنووری بۆ تەشەنەکردنی تووشبووان دانا، ئەو راپۆرتانەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دا بۆمان هاتوون هیچ توشبووێکی تازە نییە." 
 
پار عێراق 375 هەزار گامێشی هاوردەکردبوو. ئێستا خاوەنی 2 ملیۆن 300 هەزار رەشە وڵاخە.
 
بۆ کۆنترۆلکردنی ئەو نەخۆشییە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تیمی گەڕۆکی ناردووەتە لای خاوەن گامێشەکان و چارەسەریان پێدەدەن. 
 
ئەو گامێشانەی کە مرداردەبنەوە فڕێدەدرێنە ناوچەیەک و لەرێگەی شۆفەڵەوە دەخرێنە ژێر گڵ، ژێر ئەو گردانەی لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا دەردەکەون، هەمووی لاشەی مردارەوەبووی گامێشەکانە. خاوەن گامێشەکان دەڵێن، ئەو گامێشەی کە جاران 5  ملیۆن دیناری دەکرد، ئێستا کەس بە دینارێکیش لێیان ناکڕێت و داوای قەرەبووکردنەوەیان دەکەن.