کۆمپانیای نەوتی باکوور: ئاگرەکەی وێستگەی گاز لە باجوان کۆنترۆڵ کرا

 
رووداو دیجیتاڵ  

کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێ، ئاگرکەوتنەوەکەی نزیک وێستگەیەکی گاز لە ناوچەی باجوان لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و تیمێکی تەکنیکی گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ چاککردنەوەی.
 
ئەمڕۆ شەممە 21ی شوباتی 2026، بەشی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە لە کاژێر 3:20ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک وێستگەی پەستانی گازیAB2 لە ناوچەی باجوان روویدا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هۆکاری ئاگرەکە دزەکردنی گاز بووە لە سیستمی پێوەرەکان، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگر لە پەنای وێستگەکە.
 
وەک راگەیێندراوەکە دەڵێ، دەستبەجێ تیمەکانی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنەکە و سەرچاوەکانی گازیان دابڕی.
 
کۆمپانیای نەوتی باکوور باس لەوە دەکات، لە کاژێر 5:00ـی بەیانی، ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا و "هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونیشی لێنەکەوتووەتەوە؛" هەروەها ئاشکرای کردووە کە دەستبەجێ کاری تایبەت بە چاککردنەوەی بۆرییەکە دەستیپێکرد.
 
باجوان دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کەرکووک لەسەر رێگەی قەزای دوبز. هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، بۆریەکە گازی خاوی لە (2AB بۆ (AB3 دەگواستەوە.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، هۆکارەکە "تەکنیکی" بووە و تیمێکی پسپۆڕیش گەیشتووەتە شوێنەکە بۆ چاککردنەوەی هێڵەکە.