ئاوەدانکردنەوەی عێراق: پڕۆژەی ئاوی قەرەتەپە ئاوی پاک بۆ 150 هەزار کەس دابین دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی (قەرەتەپەی ناوەندی) لە پارێزگای دیالە راگەیاند و دەڵێت، ئاوی پاک بۆ زیاتر لە 100,000 کەس دابین دەکات.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 21ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو جێبەجێ دەکرێ و لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروست دەکرێ.
 
توانای دیزاینکراوی پڕۆژەکە بریتییە لە بەرهەمهێنانی 2,000 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێکدا، هەروەها هێڵە گواستنەوەکانی ئاو بۆ ناوچە جیاوازەکان درێژییەکەی دەگاتە زیاتر لە 112 کیلۆمەتر.
 
قەزای قەرەتەپە ناوچەیەکی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە.
 
سەبارەت بەو ناوچانەی پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەکە ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی قەزای قەرەتەپە، ناحیەی جەبارە و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات، جگە لەوەش حەوت گوندی سەر بە ناحیەی عوزێم لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.
 
وەک نەبیل سەفار گوتی، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە سەرەکییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دیالە. 
 

هەروەها گوتیشی:"پرۆژەکە 1080 رۆژ دەخایەنێت و چاوەڕوان دەکرێت لە نیوەی دووەمی 2028 تەواو بێت".