وەزارەتی ناوخۆی عێراق: دوو رفێندراوی عێراقی لە ئێران رزگار کران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئێران، دوو هاووڵاتیی عێراقییان رزگار کردووە کە لە ناو ئێران رفێندرابوون.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، "دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی ورد و بە هاوئاهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی ئێران، توانرا دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەماوە رزگار بکرێن کە لە ناو خاکی ئێراندا کەوتبوونە دەست گرووپێکەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای گەیشتنی زانیارییەکان، وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە پەیوەندیی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێرانەوە کرد. فەرماندەیی پۆلیسی ئێران هاوکارییەکی زۆری نیشان دا و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا شوێنی رفێندراوەکان دیاری کرا و رزگار کران."
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەو کەسانەی تێوەگلابوون لە تاوانی رفاندنەکە دەستگیرکراون و رادەستی لایەنە یاساییەکان کراون بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن.
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، دوو هاووڵاتییەکە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
 
15ی مانگی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق رزگارکردنی هاووڵاتییەکی عێراقیی رفێندراوی لە ئێران راگەیاند.
 
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆریی لە دەرەوەی وڵات، توانی هاووڵاتیی عێراقی (حسێن تەها یاسین) رزگار بکات، کە لەلایەن باندێکی تاوانکارەوە لە ئێران رفێندرابوو؛ باندەکە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا داوای سەرانەیان لە خێزانەکەی کردبوون."