نزیکەی 500 هەزار کوردی فەیلی لە بەغدا هەن، بەڵام زۆرینەیان ئاهەنگی نەورۆز ناگێڕن
رووداو-بەغدا
بەشێکی زۆری کوردانی فەیلی لە بەغدا هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ ئاهەنگی نەورۆز نەکردووە و هیچ چالاکییەکیان ئەنجامنەدا، کوردانی فەیلی بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە رێگرییان لێکراوە یادی نەورۆز بکەنەوە و ئێستا وەک رۆژێکی ئاسایی لە نەورۆ دەڕوانن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی دەکەن لە بەغدا دەژین، بەڵام کاریگەریی ئایینزا و نەتەوەیی پەرتەوازەی کردوون.
لە تەرحیل، گەڕەکە بەنێوبانگە کوردییەکەی بەغدا، ھیچ ئامادەکارییەک یان چالاکییەک بەبۆنەی نەورۆزەوە نابینرێت، کوشتن و بڕین و قەدەخەکردنی یادکردنەوەی نەورۆز لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، بوونەتە ھۆکار بۆ ئەوەی کوردانی فەیلی وەک رۆژێکی ئاسایی لە نەورۆز بڕوانن.
سەجاد محەممەد، کوڕە گەنجێکی فەیلییە و زانیاریی کەمی لەسەر ئاهەنگی نەورۆز هەیە تەنیا ئەوەندە دەزانێت لەو بۆنەیەدا ئاگر دەکرێتەوە و پێی وایە خەڵک لەو بۆنەیەدا دەچن بۆ خانەقین.
حوسێن کاکول، کوردێکی فەیلییە و دەڵێت، لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو "رژێمی سەدام مێشکی خەڵکیان شۆردووەتەوە و دەیانگوت، ئەمە جەژنی مەجوسەکانە، جەژنی ئاگرپەرستەکانە، بەڵام نا وانییە، جەژنی کوردانە."
لە لایەکی دیکەوە کوردانی فەیلی لە بەغدا، کۆبوونەتەوە و بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و داگیرساندنی ئاگری نەورۆز جەژنەکە پیرۆز دەکەن، ھەڵپەرکێی کوردانی فەیلی تا درەنگانێک بەردەوام بوو پێکەوە تا توانییان شادیان دەربڕی.
ھەیسەم عەبدولکەریم، کوردی فەیلی دەڵێت، "داوا لە خودا دەکەم ببینە دەوڵەت و مافی خۆمان وەرگرین".