ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق داواى جێگرەوەى دادوەرە کوردەکەى دادگەى فیدراڵى دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق داوا لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان دەکات دوو دادوەریان بۆ بەربژێر بکەن بۆ ئەوەى ببنە ئەندامى بنەڕەتى و یەدەگى دادگەى فیدراڵیى عێراق.
بەگوێرەى نووسراوێکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق کە لە 18ى ئادارى 2024 ئاڕاستەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى هەرێمى کوردستانى کردووە، داوایان لێدەکات دادوەرێک بەربژێر بکەن وەک دادوەرى بنەڕەتی و دادوەرێکى دیکەش وەک داوەرى یەدەگ بەربژێر بکەن بۆ دادگەى فیدراڵى عێراق بۆ ئەوەى بتوانن رێشوێنەکانى دامەزراندنیان بەگوێرەى یاسا بگرنەبەر.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە دادگەى فیدراڵیی عێراق راستى ئەو نووسراوى پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند: "ئەوە رێکارێکى رۆتینییە بۆ جێگرتنەوەى دادوەر عەبدولرەحمان زێبارى."
ئەو داواکارییەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق لە دواى ئەوە هات کە لە 12ى ئادارى 2024 دادوەر عەبدولرەحمان زێبارى، کە یەکێک بوو لە دوو ئەندامە کوردەکەى دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق، کشانەوەى خۆى لەو دادگەیە راگەیاند وەک هەڵوێستێک بەرامبەر هەندێک لە بڕیارەکانى ئەو دادگەیە لە دژى هەرێمى کوردستان.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەهۆى ئەوەى چەند رۆژى رابردوو پشوو بووە، ئەو نووسراوەیان پێنەگەیشتووە.
نووسراوەکە بە واژۆى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی کراوە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە "بەگوێرەى فەرمانێکى دادوەرى کە لە 17ى ئادار دەرکراوە، ئەو دادوەر کوردە خانەشنین کراوە."
ئەندامانى دادگەى فیدراڵى لە 12 ئەندام پێکدێن، نۆ دادوەریان بنەڕەتین و سێیەکەى دیکەشی یەدەگن، بەر لە کێشانەوەى دادوەرە کوردەکە، دوو لە دادوەرە بنەڕەتییەکان کورد بوون.
ئازاد دۆسکى، یاساناس بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاساى هەموارکراوى دادگەى فیدڕاڵى، دەبێت نوێنەرایەتى هەرێم و پارێزگاکان لە پێکهاتەى دادگەى فیدڕاڵى هەبێ.
ئازاد دۆسکى گوتی، "مادەى شەشى یاسای دادگەى فیدراڵى دەڵێت کە لە پێکھاتەى دادگە دەبێت هاوسەنگى دەستوورى لە نێوان پێکهاتەکان گەلى عێراق لەبەرچاو بگیرێت کە شیعە و سوننە و کوردە وەک پێکھاتەى سەرەکى."
ناوى ئەندامانى دادگەى فیدراڵى لەلایەن سەرۆکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، دادگەى فیدراڵى، دامەزراوەى داواکارى گشتى، دامەزراوەى سەرپەرشتیارى دادوەرى بۆ سەرۆکایەتى کۆمار بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەى مەرسوومى کۆماری دەستبەکاربوونیان بۆ دەربکرێت.